راگه‌یەندراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی لەبارەی بارەگای لقی بەغدا

0

نوچەنێت

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ھێرش بۆ سەر لقی پارتی و سووتاندنی ئاڵای کوردستان ئیدانە دەکات و دەڵێت، به‌شێكی سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردان له‌ میلیشیاكان و دژ به‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی، هێرشیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە، به‌م ره‌فتارانه‌یان ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌خه‌نه‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و حوكمڕانیش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی:

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، رێكه‌وتی 17ی ئۆكتۆبه‌ری 2020، به‌شێكی سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردان له‌ میلیشیاكان، كه‌ دورن له‌ پرنسیپه‌ نیشتمانیه‌كان و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و دژ به‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی، هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی (5)ی پارتیمان و به‌ شێوه‌یه‌كی دور له‌ به‌های نیشتمانی و پێكه‌وه‌ژیان، باره‌گاكه‌ و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیشیان سوتاند. له‌ كاتێكدا به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ نا به‌رپرسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر باره‌گایه‌ك كراوه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی‌ ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداری ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ (ربع الله‌) و هاوكاره‌كانیان، كرده‌وه‌كانیان دور و نزیك په‌یوه‌ندیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ نیه‌ و ناوی ئیسلام ته‌نیا  بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانه‌كانیان به‌كاردێنن، به‌م ره‌فتارانه‌یان ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌خه‌نه‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار و، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و، حوكمڕانیش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن.
ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌م كرده‌وه‌ ناشارستانیه‌، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین، له‌ زوترینكاتدا ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانی بگرێته‌ به‌ر، كه‌  گروپێكی ناسراون و راگه‌یاندراویان سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نیگه‌رانی و دڵگرانی خۆشمان ده‌رده‌بڕین له كه‌مته‌رخه‌می ئه‌و هێزانه‌ی پاراستنی باره‌گه‌كه‌یان پێسپێردرابوو كه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌كو پێویست به‌ ئه‌ركه‌ سه‌رشانی خۆیان هه‌ڵنه‌ستان و هیچ رێگرییه‌كیان له‌ گێره‌شێوێنان نه‌كرد..

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
17ی ئۆكتۆبه‌ری 2020
 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com