نوچەنێت. ئاژانسەكان
وڵاتی بەریتانیا بەفەرمی پاڵپشتی خۆی بۆ رێكەوتنامەی (شنگال) دەربڕی كە لەنێوان حكومەتی فیدرالی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كراوە.
(ستیڤن هیكی) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق داوای لە هەریەك لە حكومەتی هەرێم و بەغدا كرد پەلە لە جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی (شنگال ) بكەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئارامیی و سەقامگیری بۆ ئەو شارە بگەرٍێتەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی بەسەردانێك گەیشتە (شنگال)، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند كە وڵاتەكەی پێشوازی لەو رێكەوتنامەیە دەكات و هیواخوازە هەولێرو بەغدا لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان بەیەكەوە كار بۆ گەڕاندنەوەی ئاساییش و ئارامی شنگال بكەن و دووپاتیشیكردەوە كە ” بەریتانیا پشتگیر و هاوكاری ئەو پرۆسەیە دەبێت”. وتیشیی “دەمانەوێ ئێزیدییەكان هەست بە دڵنیایی بكەن و هەرچی زووە كار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەو خاڵەكانی ئەو رێكەوتننامەیەش بكرێ بەتایبەتیش نەمانی هێزی چەكدار لە شنگالدا”.