شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌نوچه‌نێت
مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌دارى كورد له‌سه‌ر رووداوى سووتاندنى لقى پارتى له به‌غدا گوتى، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان له‌و رووداوه ده‌نگیان هه‌بێت و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ لقى پارتى له به‌غدا له لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه سووتێنرا، مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌دارى كورد له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له رووداوه‌كه كرد و گوتى، “هێزه ئه‌منییه‌كان له شوێنى رووداوه‌كه بینراون پێكه‌نیون”.
دواتر مه‌حموود عوسمان باس له‌وه ده‌كات حه‌شدى شه‌عبى عێراق به‌ڕێوه ده‌بات و بۆیه سڵ ناكه‌نه‌وه وهێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌موو لایه‌ك. مه‌حموود عوسمان گوتى، “ئه‌وان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌مریكا و ئێمه، ته‌نانه‌ت هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر خودى كازمى”.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى كازمى له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه، مه‌حموود عوسمان پێیوایه ، كازمى هیچ نییه و هیچى به‌ده‌ست نییه “ئه‌وه‌ى شتى به ده‌سته و ده‌سه‌ڵاتداره حه‌شده، كه باره‌گایان سوتاندووه و ده‌ستدرێژیى ده‌كه‌ن”.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره كورده به دوورى زانى ئه‌و رووداوه‌ى ئه‌مڕۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنانه هه‌بێت كه له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم وبه‌غدا كراون، دووپاتیشى كرده‌وه ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان بێنه‌ده‌نگ و رووداوه‌كه قبووڵ نه‌كه‌ن.
مه‌حموود عوسمان گوتى، ” گوێم له شوان محمد به‌رپرسی لقى پێنجى پارتى بوو گوتى سكاڵایان له‌سه‌ر تۆ ماردهكهین ئه‌وه باشه قسه‌كه‌ى جوانه، به‌ڵام ده‌بێت به‌وردى لێكۆڵینه‌وه بكرێت و ئه‌و شاندانه‌ى ده‌چنه به‌غدا و حیزبه‌كانى پارتى و یه‌كێتى و هه‌موو حیزبه‌كانى دیكه و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان بزانن چ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ عێراق و حه‌شد. چونكه حه‌شده حوكم ده‌كات”.
له كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه، تاكه چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ ئه‌م كێشانه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبییه.