فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌گه‌ڵ هاوتا یۆنانییهكهى ئاشكراى كرد، یۆنان بڕیارى داوه كونسوڵخانه‌یه‌ك له هه‌ولێر بكاته‌وه.
ئه‌مڕۆ نیكۆس ده‌ندیاس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى یۆنان گه‌یشته به‌غدا و دواى دیدارێكى له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجام دا.
فوئاد حوسێن له كۆنگره‌كه باسى له‌وه كرد، ده‌كرێ سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى یۆنان به “مێژوویى” بزانرێت، چونكه له ساڵى 1998 وه هیچ وه‌زیرێكى یۆنانى سه‌ردانى عێراقى نه‌كردووه.
باسى له‌وه‌یش كرد، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى یۆنان ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق به‌هێز بكات و بڕیاریشى داوه كۆنسوڵخانهیهك له هه‌ولێر بكاته‌وه.
له درێژه‌ى قسه‌كانى فوئاد حوسێن دووپاتى كرده‌وه له جه‌نگى داعش یۆنان یه‌كێك بووه له‌و وڵاتانه‌ى كه هاوكاریى عێراقى كردووه.
یۆنان چه‌ندان ساڵانه ركابه‌رییه‌كى توندى سیاسى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووپاتى كرده‌وه وڵاته‌كه‌ى ده‌یه‌وێ به گفتوگۆ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا چاره‌سه‌ر بكات.