شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
دۆسیه‌ى خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان یه‌كێكه له‌و دۆسیانه‌ى گه‌نده‌ڵى تێكه‌وتووه و حكوومه‌تى هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه زیادكردنى ناو له دۆسییه‌كه راگیراوه و به‌مه‌یش 30 هه‌زار كه‌س له تۆماركردنى ناویان وه‌ك خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت بێبه‌ش كراون.
ئاریان ئه‌حمه‌د گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، باسى له‌وه كرد تا ئێستا پرۆسه‌ى تۆماركردنى ناوى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت راگیراوه و له‌به‌ر ئه‌مه‌یش كه‌سانێكى زۆر له مافه‌كانیان بێبه‌شن.
ئاریان ئه‌حمه‌د له لێدوانه‌كه‌ى گوتى، “له ساڵى 2013 تۆماركردنى ناوی خاوه‌ن پێدوایسته تایبه‌ته‌كان راگیراوه، تا ئێستا 30 هه‌زار كه‌س له وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى ناویان هه‌یه، به‌ڵام هاوكارى مانگانه وه‌رناگرن”.
له‌به‌شێكى تر‌ى لێدوانه‌كه‌ى باسى له‌وه كرد، له‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وان نییه هاوكارى مانگانه بۆ خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان ته‌رخان بكه، به‌ڵكو له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه، ئه‌وان له وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى نووسراویان به‌رزكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بڕیارى له‌سه‌ر نه‌دراوه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و ئامارانه‌ى له ساڵانى رابردوو بڵاوكراوه‌ته‌وه، نزیكه‌ى 120 هه‌زار كه‌س مانگانه هاوكارییه‌كیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام خه‌ڵكێكى زۆر ساخته‌كاریى تێدا بووه. بۆیه حكوومه‌تى هه‌رێم كارى له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ساخته‌كاره‌كان ده‌كات و ئێستا بۆ 100 هه‌زار كه‌م كراوه‌ته‌وه.