ئەسعەد مورادی: نوچەنێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانمان راناگرین و بەپێی توانا و بودجەی بەردەست، ئەوەی پێمان بکرێت بۆ پێدانی مووچەکان دەیکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-١٠-٢٠٢٠، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە بنگرد، لە گوتارەکەیدا لە بارەی مووچەوە گوتی، بەداخەوە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داڕمانی ئابووری جیهانی، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، سەرەڕای ئەوە ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە، کە نە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانمان بووەستن و بەپێی توانا و بوودجەی بەردەست، ئەوەی پێمان بکرێت لە پێدانی مووچەکان دەیکەین.
لەبەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، راستە خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرەکان، شایستەی زۆر لەوە زیاترن، بەڵام ئەوەی ئێستا حکوومەت پێیدەکرێت، ئەوەیە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان تەرخان کردووە بۆ پێدانی مووچە بە هاووڵاتیان.