ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت
دوای ئەوەی دوێنێ له پەرلەمانی عێراق له بابهتى دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن ناوی هەڵەبجە وەک پارێزگا نەهات. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە خهتاكه بۆ حكوومهتى ههرێم دهگێڕێتهوه ودەڵێ، “ئەوە بۆ کەمتەرخەمی حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە کە رێکارە یاساییەکانی بۆ بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا تەواو نەکردووە”.
کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، لەبارەی ناونەهێنانی هەڵەبجە وەک پارێزگا، تایبەت بە نوچەنێت گوتى، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا وەفدێکی نەناردووە بۆ بەغدا بۆ راییکردنی هەندێک رێکاری كارگێڕیى و یاسایی”.
کاوە شێخ عەلی گوتیشی، “ئهو دوو پرۆژەیاساییانەی پێشکەشی پەرلەمان کران، کە یەکێکیان هی سەرۆک کۆمار بوو و ئەوەی دیکەشیان هی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە نێردران بۆ حكوومهتى عێراق لە مانگی ١١-ی ساڵی ٢٠١٩، لە هەردووکیاندا حسابی پارێزگای هەڵەبجەی تێدا نەکرابوو”.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە له كۆتایى لێدوانهكهى باسى لهوه كرد، ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان پرۆژەیاساییەکیان ئامادە کردووە وسەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەن. لەگەڵ ئەوەش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیشیان لێ ئاگادار کردووهتەوە، تا ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەستن.