هێڵى فڕۆكەوانی ئیمارات ئاسمانی عێراق بەجێ دەهێڵێت
نووچەنێت-ئاژانسەكان
نائارامییەكان هەر متمانەی خاكی عێراقیان لەناو نەبردووە، بەڵكو متمانەی ئاسمانی عێراقیشیان نەهێشتووە.
ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی ئیمارات رایگەیاند كە بیریان لەوە كردۆتەوە راڕەوی گەشتەكانیان لەسەر ئاسمانی عێراق بگۆڕن، چونكە متمانە بە ئاسمانەكەی نەماوە و دوور نییە میلیشیا جیاوازەكان بە مووشەكی زەوی-ئاسمان هەستن بە خستنە خوارەوەی فڕۆكە مەدەنییەكان، هەروەك ئەوەی ماوەی پێشوو بەسەر فڕۆكە مالیزییەكەی سەر ئاسمانی ئۆكرانیا هات.
رۆژانە پەنجا گەشت تەنیا لە بریتانیاوە روو لە ئیمارای عەرەبی دەكەن، كە عێراق بەشێكە لە رێگاكەیان و زۆربەیان بەسەر شاری موسڵدا دەڕۆن.
ئیماراتی عەرەبی رایگەیاند بیری لەوە كردۆتەوە، ئەو فڕۆكانەی لە ئیماراتەوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن یان بەپێچەوانەوە، لەبری عێراق بەسەر میسر و دەریای سووردا تێپەڕ ببن. گواستنەوەی رێرەوی ئەوروپا-ئیمارات لە عێراقەوە بۆ میسر، بۆ هەر گەشتێك گەشتیاران 45 خولەك دوادەخات، بەڵام ئیمارات دەڵێت سەلامەتی گەشتیاران لە كاتی گەیشتن گرنگترە.
ئیمارات دەڵێت كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەی ئێم-ئێچ 17 ی مالیزی لەسەر ئاسمانی ئۆكرانیا، دەبێت زەنگی ووریاكەرەوە بێت بۆ سەرجەم ووڵاتان كە خۆیان بەدور بگرن لە گەشتكردن بەسەر ئاسمانی ناوچەكانی جەنگ و ململلانێدا.