حكوومهتى عهبدولمههدى دوو ههڵهى گهورهى دارایى كرد
له دواى 2003 حكوومهتى عێراق دوو قهیرانى گهورهى دارایى تووشبوو كهچى مووچه دوانهكهوت
ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت
بەشی یەکەم
پرۆفیسۆر د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەوردی هۆکارەکانی قەیرانی دارایی و چارەسەرەکان بۆ ئەو دۆخە دەخاتەڕوو.
نوچەنێت: ئایا قەیرانی دارایی عێراق پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە لەبەرچی ئەوەندە نرخی نەوت کاریگەری لەسەر عێراق هەیە؟
فازڵ نەبی: قەیرانی دارایی پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆر پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. ئێمە لە ساڵانی پێشووتر نزیکەی ٩٣% پشتمان بە نەوت بەستبوو، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی هاوکاری ئێمەی کرد مەرجیان لەسەر ئێمە دانا، کە ئەویش ئەوە بوو کە ئێمە پێویستە ئابووریەکەمان بەرەو لایەکی دیکە ببەین، لەبەر ئەوەی ئابووری عێراق تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت. ئێمەش کارمان لەسەر کرد بە چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان، دەستەی گشتی کشتوکاڵ، دەستەی گشتی گومرگ و باج، توانیمان پشت بەستن بە نەوت لە ٩٣% بکەین بە ٨٥%، ئەمە لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤.
هەروەها هەوڵماندا پەرە بە کەرتەکانی دیکە بدەین، کەرتی تایبەت، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بۆ ئەوە کۆمەڵێک بڕگەی یاساییمان ناردە پەرلەمان و لەوێش پەسەند کران. لەوانە یاسای وەرگرتنی گومرك کە مەجالی تێدا بوو حکومەت دەیتوانی بەگوێرەی وەرزیی گومرك لەسەر کۆمەڵێک شت بەرز بکاتەوە یان کەمی بکاتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە بوو پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی بکەین.
هەروەها توانیمان یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر و بەرهەمهێن دەر بکەین زۆر کارمان لەسەر ئەو بوارانە کرد، بەڵام دۆخی سیاسی لە عێراق کە ناسەقامگیرە، هەرچەند کاربکەی دواتر لە ناکاو کارەکەت لێ تێکدەدەنەوە. لەبەر ئەوەی موزایدەی سیاسی هەیە و دەبێتە هۆکاری دەستوەردان.
نوچەنێت: هەوڵەکانتان بۆ چاکسازی لە بواری دارایی عێراق چی بوو و ئەنجامەکانی چی بوون؟
فازڵ نەبی: هەوڵماندا لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦، پشت بە بەرهەمهێنانی گاز (غاز) ببەستین، چونکە ئەو گازەی لە عێراق دەردەچوو دەسووتێنرا. ئێمە لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی رێککەوتنمان کرد و پارەیەکی زۆرمان دانا لەماوەی چەند ساڵێک بۆئەوەی وهبهرهێنان لهو گازه بكهین، بەناوی کۆمپانیای گازی بەسرە و لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی گرنگیمان دا بە گاز بەجێگەی ئەوەی بسووتێنرێ کەڵکی لێوەربگرین.
بانکی عێراقیش لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا بۆئەوەی هاوکاری کەرتی تایبەت بکات، پێنج ترلیۆن دیناری خستەبەردەست بانکە حکومی و ئەهلییەکان، بۆ ئەوەی قەرز بدەنە کەرتی کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی. بەڵام بەداخەوە ئەو پلانە سەری نەگرت، لەبەر ئەوەی لە لایەک رۆتینی زۆربوو و لەلایەکی دیکە خەڵکێک سوودیان لەوە وەردەگرت کە لە بواری کشتوکاڵ یان پیشەسازیدا نەبوون. ئەمەش ئەو چاکسازیانە بوو کە ئابووری عێراق نەکەوێتە ژێر کاریگەری دابەزینی نرخی نەوت.
بەڵام دژایەتی حزبەکان و کاریگەری لەسەر کەسەکان نەیانهێشت چاکسازییەکان سەر بگرێت. بۆیە وای لێهات عێراق نەیتوانی لە قالبی پشتبەستن بە نەوت دەربچێت. ئەو کاتەی من لە بەغدا دەرچووم گەیشتبووینە ٨٥% کە پشتمان بە نەوت دەبەست، بەڵام ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ ٩٠%.
ئێمە بەردەوام هەوڵماندەدا لە بودجهى بهكارخستن کەم بکەینەوە و بودجهى وهبهرهێنان زیاد بکەین. کاتێک بودجهى گشتییمان دادەنا. گەیشتینە ئەوەی وهبهرهێنانهكه بگاتە ٣٠% و بهكارخستن بگات به ٧٠%.
بەڵام بە داخەوە دوای ئەوەی من بەغدام بە جێهێشت و خانەنشین بووم لە مانگی دووی ٢٠١٧، موازنە کێشەی تێکەوت و بودجهى بهكارخستن لەچاو وهبهرهێنان زۆر بەرز بووهتەوە. بودجهى بهكارخستنى عێراق زۆربەی هەرە زۆری بۆ مووچە دەڕوات ئەمەش وایکرد عێراق نەکەوێتە سەرهێڵى راست، بۆیە هەر کات گرفت بۆ نەوت دروست دەبێت گرفت بۆ عێراقیش دروست دەبێ.
نوچەنێت: ئایا ئەمە یەکەم جارە عێراق بەوشێوەیە تووشی قەیرانی دارایی ببێ و مووچەی دوا بکەوێ؟ ئەگەر یەکەم جار نییە چۆن چارەسەرتان کرد؟
فازڵ نەبی: بەهۆی پەتای کۆرۆنا داواکاری لەسەر نەوت کەم بووەوه، نرخیش دابهزى. ئهمه کاریگەریی نەرێنی لەسەر بودجهى عێراق دانا، کە بە داخەوە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی عێراقی نوێ موچە دوا بکەوێ.
دیاره ئەمە یەکەم جار نییە تووشی قەیرانی دارایى دەبین. ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٨ تووشی گەورەترین قەیرانی دارایى بووین لە عێراق، بەڵام توانیمان بەرگە بگرین و یەک رۆژیش مووچە دوانەکەوت. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکەش تووشی قەیرانی دارایى بووین کە قەیرانەکە دوو ساڵ و دوو مانگی خایاند و نەمانهێشت مووچە تەنانەت یەک رۆژیش دوا بکەوێت. ئێستا بەداخەوە حکوومەتی عێراق بەو توانایهى كه لەبەردەستییەتی هەروەها بە چهندان ئامرازى سیاسهتى دارایى وقهرزكردن كه ههیتى كهچى مووچهیش دوا دهكهوێ.
لەمەودوا ئەگەر عێراق بە شێوەیە بڕوات، هەر کێشەیەک بۆ نەوت دروست ببێ، بە ئۆتۆماتیکی کاریگەریی لەسەر بودجە دەبێت و بەمەش کاریگەریی لەسەر ئابووری و مووچەی خەڵک دادەنێت.
نوچەنێت: باس لە سێ رێگە دەکرێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی عێراق، وەک چاپکردنی پارە، قەرز کردن، دەستبردن بۆ دراوی یەدەگی بانکی ناوەندی ئەمانە تا چەند سوودی بۆ ئەو دۆخە دەبێت؟
فازڵ نەبی: رێگەچارە زۆرە، یەکەم دەبێ پلانی کورتخایەن هەبێ تا لەوە تەنگژەیە دەربچێ، دواتر پلانی مامناوەند بۆئەوەی ئەگەر ئەو تەنگژەیە لە داهاتوو روویدا کاریگەریی زۆری لەسەرت نەبێ، دواجاریش دەبێ پلانی درێژخایەنت هەبێ بۆئەوەی ئەگەر ئەو تەنگژەیە روویدا بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەرت نەبێ.
رێگە چارەی خێرا لەم کاتەدا قەرزە، بەڵام چاپکردنی پارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانستى كڕینى دراوی عێراقی و کاریگەری لەسەر هاووڵاتی و بازاڕ دەبێت، بۆیە چاپکردنی پارە مەترسیدارە و نابێ دەستی بۆ ببردرێ. هەروەها بابەتی قهرزكردن ههیه، قەرزی ناوخۆ و قەرزی دەرەکی ئهگهر بازرگانى بێ تووشی کارەساتت دەکات لەبەر ئەوەی رێژەی خستنەسەری بەرزە، کە لە ٨% بەرەو سەرەوەیە و ههندێك جار دەگاتە ١٢%. بەڵام قەرزی ئاسانكاریى هەیە، کە لە دامەزراوەی دارایى جیهانی وەردەگیریێت و قەرزێی ئاسانە و لە سندووقی دراوی نێودەوڵهتی و بانکی نێودەوڵەتی وەردەگیریێت و رێژەی خستنەسەری ١%. هەروەها ماوەی وەرگرتنی قەرزەکە و کاتی دەستپێکی دانەوەی قەرزەکە دوو ساڵ بۆ سێ ساڵە. کە قەرزەکەش دەدەیەوە ماوەی دانەوەکەشی دوورودرێژە و ئەمە کاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر ئابووری عێراق نییە. قەرزی ناوخۆی هەندێک جار پێویستت پێی نییە بەڵام هەندێک جار دەتەوێت ئابووری وڵاتی پێ بجوڵێنی، بۆ دەبێ پێشوەخەتە پلانی ستراتیژی بۆ داڕێژرا بێ. بە داخەوە لە ماوەی رابردوو ئەوە بەدی نەدەکرا.
نوچەنێت: ئایا ئەو قەیرانەی ئێستا تەنگی بە حکومەتی عێراق هەڵچنیوە تاچەند گرێدراوی کابینەی رابردووە کێ بەرپرسیارە؟
فازڵ نەبی: حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی کەموکوڕی زۆر گەورەی هەبوو لە سیاسەتی دارایی و حکوومەتەکەشی. کەموکوڕیەکەشی ئەوە بوو کە نرخی نەوت لە حکوومەتی ئەوان بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٠ دۆلار و مانگانە نزیکەی حەوت ملیار دۆلاریان هەبوو تەنیا لە داهاتی نەوت. دەیانتوانی هەموو مانگێ لە داهاتی نەوت ملیارێک دۆلار بدەنەوە و لەماوەی ساڵێک دەبووە ١٢ ملیار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەی ١٤ تریلیۆن دینار، کە ئەمەت کردت دوای کە پێویستت پێی بوو دەتوانی قەرز بکەیەوە. ئەمەش بەهۆی نەبوونی پلانی ستراتیژییەوە بووە، کە بۆ ئەوەی کابینەی دوایی تووشی قەیران نەبێ، ئەگەریش خۆی بەردەوام بوایە خۆی تووش دەبوو.
کە کابینەی عەبدولمەهدی کە پارەیان زۆرترین پارەیان هەبوو قەرزی نەدایەوە بانکی رەشید و رافدەین، بەڵام ئێستا ئەو بانکانە ئەو توانایهیان نییە پارە بدەنە حکومەت و لەکاتی نەبوونی بانکە ئەهلییەکانیش ئەو تواناییەیان نییە و بەهەموویان ناتوانن ترلیۆنێک دینار قەرز بدەنە حکوومەت.
ئێمە پەیڕەوی ئەوەمان دەکرد لە کاتی گونجاو پارە بدەینەوە بانکەکان، بەڵام لە کابینەی عەبدولمەهدی پەیڕەوی ئەو یاسایەیان نەکرد.
نوچەنێت: ئەوەی لە کابینەی عەبدولمەهدی کرا وەک باسی دەکەن بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆی کێیە؟
فازڵ نەبی: ئەو هەڵەیەی حکومەتەکەی عادل عەبولمەهدی هی هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانە و فواد حوسێن-یش وەک وەزیری دارایی بەش بە حاڵی خۆی کە هەرچەنده لەوانەیە شارەزای ئەو لەو بوارە نەبووە وەک پێویست بەرگریی نەکردووە، بەڵام هەڵەکە هەڵەی حکومەت خۆیەتی.
بەداخەوە حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی دوو هەڵەی زۆر گەورەی کرد، یەکەم لەو داهاتە زۆرە قەرزیان نەدایەوە و دووەم: بەداخەوە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئەوەندە خەڵکیان دامەزراند سەرباری ئەو کێشە گەورانەی لەسەر عێراق هەبوو. لەو بڕوایە دام ساڵانە ترلیۆنێک دینار مووچە لەسەر حکوومەت زیاتر بوو. وای لێهات کە حکومەت ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو مووچەیە بگرێت، چونکە پێنج ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە پێویستە و ئەوەی کە زیاتر باس دەکرێت راست نییە.
نوچەنێت: لە کاتی قەیرانەکانی پێشوو کە حکوومەتی پێویستی بە قەرز دەبوو فشاریان لەسەر دروست دەکردن؟
فازڵ نەبی: من فشاری زۆریان لەسەر دروست دەکردم بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەمدەهێشت ئەو فشارەی کە خۆیان دەیانەوێ جێبەجێ بکرێت و زۆر جار لەگەڵ سەرۆک وەزیران تووشی مشتومڕی زۆر توند بوومە لەناو ئەنجومەنی وەزیران و رێگەم نەداوە ئەوەی ئەوان دەیانەوێ بیکەن. من دەسەڵاتی ئەوەشم نەبوو بەڵام لە دڵسۆزی خۆم بۆ ئیشەکەی خۆم ئەوەم دەکرد.