ئه‌حمه‌د سه‌فار په‌رله‌مانتارى كورد له لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كردووه، به پاساوى دابینكردنى مووچه‌ى سێ مانگى داهاتووى فه‌رمانبه‌ران، حكوومه‌تى كازمى به نیازه پاشكه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكات، به‌ڵام په‌رله‌مان رازى نابێت.
لێدوانى ئه‌حمه‌د سه‌فار له‌ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه وتێیدا هاتووه “پاشكه‌وتكردنى ناچاریى وه‌ك قه‌رزێكى ناچارییه وحكوومه‌ت به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق ناتوانێ ئه‌و كاره بكات، چونكه به‌ڵگه‌یه‌كى یاسایى نییه رێگه‌ى پێ بدات”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى حكوومه‌ت بیرى له‌و هه‌نگاوه كردووه‌ته‌وه، سه‌فار ده‌ڵێ، “حكوومه‌ت بیرى لێده‌كاته‌وه و وه‌ك بژارده‌یه‌ك نیشانى ده‌دات، له‌پێناو ئه‌وه‌ى مووچه‌ى سێ مانگى داهاتوو دابین بكات”.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئه‌حمه‌د سه‌فار ده‌ڵێ، “ئه‌گه‌ر ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانیش بكرێ ئه‌وا په‌رله‌مان قبووڵى ناكات، چونكه ئه‌مه هێڵى سووره”.