رووماڵكردنى بۆ نوچه‌نێت: ئه‌سعه‌د مورادى
ئه‌مڕۆ مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له په‌رله‌مان وتارێكى دا ، له به‌شێكى وتاره‌كه‌ى روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر دواكه‌وتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دا و گوتى لێبڕینى مووچه به رێژه‌كانى 21% و 18% جێگیر نییه و له‌گه‌ڵ زۆربوونى داهات نامێنێ.
وه‌ك په‌رله‌مانى كوردستان پێشتر له كارنامه‌ى خۆى باسى كرد بوو، ته‌وه‌رێكى سه‌ره‌كى وتاره‌كه‌ى مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌ێمى كوردستان له په‌رله‌مان تایبه‌ت بوو به مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، مه‌سروور بارزانى له وتاره‌كه‌ى سه‌باره‌ت به دواكه‌وتن و لێبڕینى مووچه دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه ئه‌مانه جێگیر نییه، به‌ڵكو به “خۆگونجاندن” وه‌سفى كرد.
مه‌سروور بارزانى گوتى، “ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ بودجه‌ی به‌رده‌ست، حكوومه‌ت ئه‌و بودجه‌یه‌ی پێویستی بووه، له‌به‌ر ده‌ستی بووه، تا مانگی 4، به‌شه بودجه بۆ هه‌رێم نێردرا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه ئه‌و به‌شه دووباره نه‌نێردرا و ئینجا كه‌مكرایه‌وه بۆ 400 ملیار دینار”.
مەسروور بارزانی سه‌رۆكى حكوومه‌ت له روونكردنه‌وه‌كه‌ى به‌رده‌وام بوو گوتى، “مانگی 5 و 6 و 7یش، حكوومه‌تی عێراق یه‌ك دیناریشی نه‌نارد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم به‌و بڕه پاره‌یه به پلانێك مووچه‌كان بدات، له ئه‌نجامدا گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی له 600 ملیۆن دۆلار مووچه‌ی زیاتر له‌وه به‌رده‌ست بێت بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ینه مووچه و دابه‌شی بكه‌ین. ته‌نیا بۆ دابینكردنی مووچه 750 ملیۆن دۆلار پێویست بووه، له‌كاتێكدا ئێمه 600 ملیۆن دۆلار بۆ له‌به‌ر ده‌ست بووه”.
دواتر مه‌سروور بارزانى باسى له‌وه كرد ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى بۆ مووچه له‌به‌رده‌ستى حكوومه‌تى هه‌رێم بووه، به‌هۆى ئه‌و چاكسازییه‌وه‌یه كه كراوه، ئه‌و گوتى، “ئه‌گه‌ر ئه‌و چاكسازیانه‌ی ئێمه كردوومانه نه‌بایه، له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌یه ئه‌وه‌شمان به ده‌سته‌وه نه‌با و نه‌مانتوانیبا دابینی بكه‌ین”.
دووپاتیشى كرده‌وه ئه‌و رێژه‌یه‌ى بۆ لێبڕین دیار كراوه جێیگر نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ زیادبوونى داهات ئه‌وا نامێنێ و رێژه‌ى مووچه زیاد ده‌كرێته‌وه.
مه‌سروور بارزانى دواى روونكردنه‌وه‌كه باسى له‌وه كرد حكوومه‌ت به‌گوێره‌ى ئه‌و داهاته‌ى دێته‌به‌ر ده‌ستى مووچه دابین ده‌كات و پێى خۆش نییه ده‌ست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ببات. مه‌سروور بارزانى گوتى، “حكوومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ك پێی خۆش نییه ده‌ست بۆ مووچه‌ی هیچ فه‌رمانبه‌رێك ببات و كه‌می بكاته‌وه، ..به‌ڵام كه نه‌تبێت ده‌توانین چی بكه‌ین؟ ئه‌و براده‌رانه‌ی باسی ده‌كه‌ن فه‌رموون با بیده‌ین، منیش زۆر حه‌ز ده‌كه‌م، به‌ڵام چۆن و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كه‌م پێ نیشان بده‌ن”.
مه‌سروور بارزانى له درێژه‌ى وتاره‌كه‌ى جگه له مووچه باسى له چه‌ندان ته‌وه‌رى تر كرد و ورده‌كارییه‌كانى كارى حكوومه‌تى خسته‌ڕوو.