چارەنووسی فازڵ بەرواری دیار نییە
نووچەنێت-ئاژانسەكان
تا ئێستا بەڕوونى نازانرێ فازڵ بەوراری فەرماندەی فیرقەی ئاڵتوونی سوپای عێراق لەكوێیە و هەرلایەك لێدوانێكی جیاواز دەدات.
چەند رۆژێكە لە هەواڵ چالاكییە سەربازییەكاندا ناوی فازڵ بەرواری ئەفسەری بەناوبانگی سوپای عێراق ناهێنرێ و لێدوانی جیاواز دەدرێت سەبارەت بە چارەنووسی.
سەرچاوەیەك بە ئاژانسی سۆمەریە نیوزی ووتووە “بۆچوونی جیاواز هەن سەبارەت بە چارەنووسی بەرواری، هەندێك دەڵێن هەڵاتووە و هەندێكی تر دەڵێن مۆڵەتی وەرگرتووە”.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ شەممە 26 ی تەمموز گوتی كە بەرواری مۆڵەتی نەخۆشیی وەرگرتووە و رەتیكردەوە هەڵاتبێت.
پێشتر چەند هۆكارێكی راگەیاندن ووتبوویان كە لیوا فازڵ بەرواری لە سەروبەندی جەنگەكانی ئەم دواییەدا هەڵاتووە و ریزەكانی سوپای بەجێ هێشتووە.
فازڵ بەرواری لە 1980 تا 1999 ئەفسەری وسوپای عێراق بووە، دواتر پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كردووە، لە ساڵی 2003 دا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی فەرماندەیی ئۆەپراسیۆنە تایبەتییەكانی عێراق و دواتر بووەتە فەرماندەی فیرقەی زەهەبی.
ماوەی پێشوو پارتی دیموكراتی كوردستان بێبەریبوونی خۆی لە فازڵ بەرواری راگەیاندبوو، كەچی بەرواری رایگەیاندبوو كە ئەو پابەندە بەو حزبەوە.