ئه‌مڕۆ هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق “كۆمار، په‌رله‌مان، حكوومه‌ت، دادوه‌رى” كۆبوونه‌وه و له راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمیدا دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، بۆ هیچ لایه‌نێك نییه جه‌نگ له دژى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه رابگه‌ینێ و ده‌بێت هه‌موو لایه‌كیش پشتگیریى پرۆسه‌ى چه‌كداماڵین بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ له سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، هه‌ر چوار سه‌رۆكه‌كه كۆبوونه‌وه، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى حكوومه‌ت، فایق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى.
له راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار هاتووه، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ده‌بێ چه‌ك به‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ته‌وه بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان پشتگیریى پرۆسه‌ى چه‌كداماڵێن بكه‌ن.
جگه له‌مه‌یش له‌سه‌ر ئه‌و میلیشیانه كه جه‌نگیان له دژى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان راگه‌یاندووه، چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه ده‌ڵێن، هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگ ته‌نیا به ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و به‌گوێره‌ى یاسا و ده‌ستوور ده‌بێ.
له به‌شێكى تری گفتوگۆكانیشیان دووپاتیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنى ستراتیژى عێراق و ئه‌مریكا كردووه‌ته‌وه.