شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه
كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق بۆ “نۆچه نێت”ى ئاشكرا كرد، داواى دامه‌زراندنى 62 حزبى نوێ به كۆمسیۆن دراوه كه هیچ حزبێكى نوێى كوردى تێدا نییه و كۆى ئه‌و حزبانه‌یش كه مۆڵه‌تیان پێ دراوه، 230 حزبن و دووانیان به‌م دواییه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه.
جومانه ئهلغهلاى گوته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى” 230 حزبى تۆماركراو هه‌یه بۆئه‌وه‌ى به‌شدارى له‌هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بكه‌ن، دوو حزبه له‌وان نوێن”.
ئاشكرایشى كرد، 62 حزبى نوێ داواى تۆماركردنیان له كۆمسیۆن كردووه و سه‌رقاڵى رێكارییهكانن.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا تا ئێستا حزبى نوێى كوردى تۆمار كراوه؟ گوته‌بێژى كۆمسیۆن دووپاتى كرده‌وه تا ئێستا هیچ حزبێكى نوێى كوردى له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه بۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردن تۆمار نه‌كراوه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردووى په‌رله‌مانى عێراق، هه‌ر جارێك حزبێكى نوێى كوردى له هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شدار ده‌بوو، له‌وانه له هه‌ڵبژاردنێك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و له دوایین هه‌ڵبژاردنیش نه‌وه‌ى نوێ بوو.