خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، له دانوستاندنى شاندى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت به ماده‌ى 140 زیاد ده‌كرێ، چونكه ئه‌وه‌ى ئێستا له كه‌ركووك روو ده‌دات جێگه‌ى قبووڵكردن نییه.
خالید شوانى لێدوانه‌كه‌ى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى داوه و گوتوویه‌تى، “شاندى دانوستكارى حكوومه‌تى هه‌رێم تاوتوێكردنى ماده‌ى 140 و زیندووكردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێ ده‌كات و له پێشینه‌ى كاره‌كانى ده‌بێت، چونكه ناكرێ بێده‌نگى له‌و شتانه بكرێت كه له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان رووده‌ده‌ن، به‌رده‌وام به شێوه‌یه‌كى رۆژانه سته‌م له كورد ده‌كرێ”.
له هه‌مان لێدوان شوانى ده‌ڵێ، “سته‌مێكى گه‌وره له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر له كورد ده‌كرێ، پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردن به‌رده‌وامه و پێكهاته‌ى كورد به ته‌واوى له ژیانى سیاسى و ئه‌منى و كارگێرى دوور خراوه‌ته‌وه، ده‌بێت حكوومه‌تى فیدڕاڵى سنوورێك بۆ ئه‌مه دابنێ”.
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یشى تاوانبارى سه‌ره‌كى له‌و رووداوانه دیار ده‌كات و ده‌ڵێ، “راكان جبوورى پارێزگارى كه‌ركووك ده‌ستێكى دیارى هه‌یه له پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردن و هێنانى عه‌ره‌ب بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه خاوه‌ندارێتیان بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه”.