کورد بۆ هەڵبژاردن چ بژاردەیەکی لەبەردەمە؟

0

ئەسعەد مورادی، تایبه‌ت به‌ نوچه‌ نێت

هەر سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکەنەوه‌ و په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ده‌ڵێ، ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو بە سیستمی فرە بازنەیی ئەنجام بدرێت، ئەوا کورد زۆربەی کورسییەکانی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست دەدات.  بۆیه‌ ته‌نیا ڕێگەی به‌رده‌م كورد تاك لیستییه‌.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق 6-ی2021ی وەک کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد، بەڵام وادەکەی لەلایەن هەندێ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بە پاساوی جۆراوجۆر قبووڵ نەکراوە و لەڕووی یاساییشەوە بەهەڵە دەزانرێت.

هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن لە عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا سیستمی هەڵبژاردن جێی مشتومڕە، ئه‌گەر لایەنەکان لەسەری ڕێکنەکەون، ڕەنگە گرفت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دروست بکات.

رۆژی یەکشەممە 2020-09-20  حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لەسەر ئاستی باڵا له بارەگای مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له كەركوك كۆبوونه‌وه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار نه‌بوو و چونكه‌ پێیوایە لەو رەوشەی كەركوكدا كۆبوونەوه هیچ بەرهەمی نابێ و شارەكه به تەواوەتی داگیركراوه و كورد دەسەڵاتی نەماوه.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە زیاتر راوێژکاری بووه‌، بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی گرفتەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕه‌ى “سۆمەرییە نیوز” رایگەیاندووە، هەرچەندە هێزە كوردییەكان سەرنج و تێبینیان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، بەڵام  ئەوان نابنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان یان دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان.

هەروەها ده‌ڵێ، “پارتەكەیان لە هەڵبژاردن ناترسێت جا پێشوەختە بێت یان له‌ كاتى خۆى، یەك بازنە بێت یان فرە بازنەیى”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە گرنگە سازان و ڕێکكەوتن لەسەر پرسەكانی وەك بازنەكانی هەڵبژاردن و خشتە هاوپێچەكانی تری یاسای هەڵبژاردن و میكانیزمی هەڵبژاردنەكان و جومگەكانی تری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكرێت، دەشڵێ، “ئەوان رازی نابن پێوەری ناڕاست بۆ دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن دابنرێت “.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دۆخی دەنگی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان گوتى “ئه‌گەر هەڵبژاردن بە شێوازی بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، لیستی خاوەن زۆرینەی دەنگ دەردەچێت، باقی دەنگەکانی تر بەهەدەر دەڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ حیزب، بۆیە ڕەنگە کورد زۆربەی کورسیەکانی لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست بدات.

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بە سیستمی فرە بازنەیی و بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تەنیا یەک ڕێگەی لەبەردەمدایە، ئەویش ”یەک لیستی-یە”، ئه‌گەر بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن نەکات، هەموو دەنگەکانی دەفەوتێت، ڕەنگە یەک کورسیش نەهێنێت.

لەبارەی دەنگدان بە یاسای هەڵبژاردنەکان و دووبارە داوای هەموارکردنەوەی بەهار مەحمود گوتی ”فراکسیۆنە کوردییەکان دەنگیان بە سیستمی هەڵبژاردنی فرە بازنەیی نەدا، بەڵام گرفت ئەوەیە سەرۆکی پەرلەمان هەموو یاساکەی پێکەوە خستووەتە دەنگدانەوە، نەدەبوو کۆی یاساکە بخاتە دەنگدانەوە، بۆیە ئێستا کە داوای گێڕانەوەی مادەی 15 دەکرێت بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: ناتوانم، ته‌نیا دەبێت یاساکە بڵاوبکرێتەوە و دواتر داوای هەمواری بکرێت”.

ئەو پرۆژە یاسایەى كە فراكسیۆنە كوردییەكان دژ بەخۆیانیان زانیوه‌، بۆیە دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد هەربۆیە لە كۆى 329 ئەندام 184 پەرلەمەنتار ئامادەى دانشتنەكە بوون و پرۆژە یاساكە بە زۆرینەى دەنگ پەسەندكرا.

هەر دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە، سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، محمەمەد حەلبوسى، رایگەیاند، كە ”ئەو پرۆژە یاسایەیان لەسەر داواكارییەكانى خۆپیشاندەران ئامادەكردووە”.

فراكسیۆنە كوردییەكان، نارەزایەتییەكانیان لە رێگەى نووسراوێكى هاوبەشەوە بڵاوكردەوە و تێدا رایانگەیاند كە لە نێو پرۆژە یاساكەدا داواكارى كورد بە هەند وەرنەگیراوە، بە تایبەتى لە ماددەكانى 15 و 16-ى پرۆژە یاساكەدا.

بە گوێرەى ماددەى 15-ى پرۆژە یاساكە ناوەندەكانى هەلبژاردن لە بازنەى شارۆچكەكان دیاریدەكرێن و ئەو كەسەى لە هەر شارۆچكەیەك زۆرترین دەنگ بهێنێت دەبێتە ئەندام پەرلەمان، ماددەى 16-ش كە بە دڵى كورد نییە، كۆتاى ژنانە كە كراوە بە 25%.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبهتی خۆی نوسیویەتی، “پابەندن به تەواوكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن و سەرخستنی یاسایەكی دادپەروەرانه بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت كه ئاواتی خەڵكه تا بەویستی خۆیان گوزارشت لەبۆچونەكانیان بكەن”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژی 26ی (ئەیلول/9)ی 2020  كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت به پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت و داواش له هێزه سیاسییەكان دەكەن، بەرپرسیارێتیان بۆ دەركردنی یاساكه و ئامادەبوونیان لەكۆبوونەوەی پەرلەمان هەبێت.

مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئه‌نجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی تایبەت بە نوچە دەڵێت، “لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوو(21-9-2020)، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لەکاتی خۆییدا، کراوەتەوە”.

مەیادە نەجاڕ ئاماژە بەوەش دەکات، کە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کێشەی زۆرە و دەبێ ھەموار بکرێتەوە. دەشڵێت، بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو لایەنە عێراقییەکان لەسەر ھەمواری یاساکە کۆببنەوە. 

مەیادە نەجاڕ ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بۆچوونیان لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، پرسی کۆتای ئافرەتان، چۆنێتیی هەژمارکردنی دەنگەکان و تەکنیکی هەڵبژاردن، جیاوازە و پێویستە لایەنە عێراقییەکان پرسی یاسای هەڵبژاردن و بازنەکانی یەکلایی بکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەو پرسە یەکلایی نەکرێتەوە، ئەوا ناتوانرێت لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com