ئەسعەد مورادی، تایبەت نوچەنێت
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە نوچەنێت-ی راگەیاند، تەقینەوەكەی شەوی رابردووی شنگال، سیناریۆیە بۆ ترساندنی خەڵكی شنگالە، تاکو نەگەڕێنەوە ناوچەكە.
شەوی رابردوو 20-9-2020 لە نزیك مەزاری شەرفەدین لە شنگال تەقینەوەیەك روویدا هەر سەرەتا گومان لە هێرشی فڕۆكەی بیفڕۆكەوانی توركیا دەکرا، کە گەریلاكانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)ی لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا بە ئامانج گرتبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، لەبارەی تەقینةوەیەکة طوتى، “کاتێک خەڵكی شنگال بڕیاریاندا بگەڕێنەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان، بەڵام چەندین پیلان هەبوون، تەقینەوەی شەوی رابردوويش یەكێك بوو لەو پیلانانە، كە مەبەست لێی ترساندنی خەڵك و ئاوارەکانی شنگالە”.
قایمقامی قەزای شنگال باس لەوە دەكات تەقينةوەكە سيناريۆى بۆ دانراوۆ و دڵێ، “لەسەر تەقینەوەكەی شەوی رابردوو چەند سیناریۆیەك دروست كران، یەكێك لە سیناریۆكان دەڵێ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی بووە و ئۆتۆمبێلێكی كردووەتە ئامانج، بەڵام پسپۆرانی سەربازی رەتیدەكانەوە ئەوە راست بێت”.
مەحما خەلیل دووپاتى دەکاتەوە، کە ئەوانەی لەپشت تەقینەوە و ئاژاوەگێڕین لە شنگال ھێزی دەرەكی و ناشەرعین. هەروەها گوتيشى، “ئێمە بە جددی كار بۆ ئەوە دەکەین، کە حەشدی شەعبی و ئەو ھێزانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر ھێندراونەتە شنگال ناوچەكە جێبھڵن”.
قایمقامی شنگال ئەوەشی خستەڕوو کە “حکومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مەزاری شەرفەدین نەكەوێتە دەستی داعش بەرگريی کرد، كەچی ئێستا ھێزە ناشەرعییەكان لە شنگال تەقینەوە لە نزیك ئەو شوێنە پیرۆزەی ئێزدییەكان ئەنجامدەدەن، بۆئەوەی خەڵكی شنگال نەگەڕێنەوە”.
لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، محما خەلیل گوتی “داوامان لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و ھێزەكانی عێراق كردووە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن و ئەنجامەكەی ئاشکرا بکەن، بۆئەوەی روون ببێتەوە كە ئەمە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا ئەنجامدراوە یان سیناریۆی ھێزە ناشەرعییەكان بووە، چونکە ئەگەر توركیا ئەو ھێرشەی ئەنجام دابێت ئاشکرای دەکرد”.