هاوكاریى سه‌ربازى ئه‌مریكا بۆ پێشمەرگە لایەنەكانى سەربە ئێران نیگەران دەكات

0

رۆژنامەى عەرەبى جەدید لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، ئەو هاوكارییە نوێیەى ئەمریكا بە هێزى پێشمەرگەى دەدات، توركیا و ئێرانى نیگەران كردووە و لەوانیش زیاتر لایەنە شیعەكانى عێراق ئەوانەى سەربە ئێرانن لە دژى پرۆسەكەن.

دواى ئەوەى ماسیۆ تۆلەر باڵوێزى ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەى بە بەهاى 250 ملیۆن دۆلار پێداویستى سەربازى بە پێشمەرگە دەدات، ئەمە لێكدانەوەى جیاجیاى لە ناوەندە سیاسییەكان و میدیاكان بۆ كراوە.

ئەمڕۆ رۆژنامەى عەرەبى جەدید كە رۆژنامەیەكى قەتەڕییە، لە راپۆرتێكدا دەڵێ هاوكارییە سەربازییەكانى ئەمریكا بۆ پێشمەرگە لایەنەكانى سەربە ئێرانى نیگەران كردووە.

لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە چەندان بۆچوونى جیاواز لەسەر هاوكارییەكان هەیە.

لەوانە بەرپرسێكى كوردى كە ناوى ئاشكرا نەكراوە گوتوویەتى، ئەو هاوكارییە دیاری نییە، بەڵكو واشنتن دەزانێ پێویستى بەوە هەیە تواناى ئەمنى و بەرگرى هەرێمى كوردستان بەهێز بێت و سنوورەكانى بپارێزێ.

لەبەرامبەردا بەرپرسێكى وەزارەتى بەرگرى عێراق دەڵێ، هەر هاوكارییەكى پێشمەرگە دەبێت سنووردار بێت و بەو شێوەیەى ئێستا نەبێ كە ركابەرى لەگەڵ بەغدا دەكات و لە رێى بەغداوە نییە وەك دەستوور باسى دەكات.

كاتع ركابى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراقیش بە ئاسایى لە بابەتەكە دەڕوانى و دەڵێ واشنتن ئەو كەلوپەلانەى بە پێشمەرگە داوە كە لە عێراقى كشاندووەتەوە و ناتوانێ بیانگەڕێنێتەوە ئەمریكا.


سەرمەد بەیاتى چاودێرى سیاسى بە جۆرێكى تر لە بابەتەكە دەڕوانى و دەڵێ، ئاساییە ئەمریكا بایەخ بە هێزەكانى پێشمەرگە بدات و پێگەى خۆى لەوێ قایمتر بكات. سەرمەد نموونەى ئەڵمانیا دەهێنێتەوە و دەڵێ ئەمریكا تاكە وڵات نییە كە بایەخ بە هەرێم دەدات.

عادل كەرعاوى كە گوتەبێژى ئەنساروڵا ئەوفیایە ئەمەیش لایەنێكى شیعەى سەربە ئێران و گرووپێكى چەكدارى توندڕەوە، لە لێدوانێكى بە رۆژنامەى عەرەبى جەدید دەڵێ پێدانى هاوكارى بە پێشمەرگە بابەتێكى ناڕۆشنە و دەبێ حكوومەتى عێراق داواى روونكردنەوە لە هەرێمى كوردستان بكات.

گوتەبێژى میلیشیا شیعەكە ئەمریكا بە دروستكردنى دووبەرەكى لە نێوان كورد و سوننە و شیعە تۆمەتبار دەكات و دەشڵێ لەوانەیە پێدانى هاوكارى بە پێشمەرگە زیانى بۆ هێزەكانى عێراق هەبێت.

لە راپۆرتەكە بە كورتى باس لەوەیش كراوە ئێران و توركیا بە نیگەرانییەوە، لەم هەنگاوەى ئەمریكا دەڕوانن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com