سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا سەپێندرایەوە

0

نوچە

ئەمریکا جیالەوەی هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، هۆشداریشی دایە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەی ئەگەر لە جێبەجێکردنی سزاکاندا شکست بهێنێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئەمریکا بڕیاری داوە پرۆسەی سناپباک چالاک بکاتەوە، تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایانە بکات.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، “ئەمریکا ئەم بڕیارە یەکلاییکەرەوەی داوە، چونکە سەرباری شکستی ئێران لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی لە ئاست رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش شکستیهێنا لە درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە ئێران، کە نەتەوە یەکگرتووەکان 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی”.

لە راگەێندراوەکەدا هاتووە، “لەسەر بنەمای مافەکانمان و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ژمارە 2231، ئەمریکا پرۆسەی سناپباک تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا چالاککردەوە کە پێشتر بە گوێرەی رێکککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، لەوانەش قەدەخەی فرۆشتنی چەک بە ئێران. بەو جۆرەش جیهان ئارامتر دەبێت”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەڵێت، ئەگەر شکست بهێنن لە جێبەجێکردنی سزاکان، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت تاوەکو جێبەجێنەکردنی سزاکان دەرهاوێشتەیان لێنەکەوێتەوە و ئەمریکاش دڵنیاببێتەوە کە چیدی ئێران سوود لە هەڵگرتنی سزاکانی سەری وەرنەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە، کەمتەرخەمی ئەنجوومەنی ئاسایش رێگەی بۆ ئێران خۆش کرد لە رۆژی 18ی مانگی 10ی ئەمساڵەوە هەموو جۆرە چەکێک بکڕێت.

ئەمریکا هەمیشە پێیوایە کە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە کردە تووندوتیژییەکانی بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ناسەقامگیرکردنی ژیانی ملیۆنان کەسی بێتاوان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com