ماڵپەڕەكانى سووریا بڵاویان كردووەتەوە، لە ناوەڕاستى عەفرین هێزە توندڕەوەكانى سەربە توركیا تەقەیان كردووە و گوللەیەك بەر منداڵێكى كورد كەوتووە كە ناوى یوسف عوسمانە و تەمەنى كەمتر لە ساڵێكە.
چەندان ماڵپەڕى سوورى لەوانە “عنب بلدی” بڵاویان كردووەتەوە، پێشن نیوەڕۆى ئەمڕۆ منداڵێكى كورد كە لەگەڵ دایك و باوكى بووە لە ناوەڕاستى عەفرین گوللەیەكی بەركەوتووە، ئەو كاتە هێزێكى سەربە توركیا تەقەى كردووە.
شیرۆ عەلۆ كە چالاكوانێكى شارى عەفرینە بە ماڵپەڕەكەى راگەیاندووە، كاتێك دایك وباوكى منداڵەكە بە ناوەڕاستى عەفرین تێدەپەڕن، هێزەكانى سەربە توركیا هەڕەمەكى تەقیان كردووە لە ئەنجامدا گوللەیەك بەر منداڵەكە كەوتووە و لە باوەشى دایكى گیانى لەدەست داوە.
لەبارەى تەمەنى منداڵەكە ماڵپەڕەكە گوتوویەتى، تەمەنى یوسف تەنیا هەشت مانگ بووە.
لە 15ى ئەم مانگە رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكى لەسەر توندوتیژییەكانى هێزەكانى سەربە توركیا بڵاوكردووە، كە دەرهەق بە كورد دەیكەن.
شارى عەفرین شارێكى رۆژئاواى كوردستان لە ئادارى ساڵى 2018 لە لایەن هێزەكانى توركیا و هێزى ئۆپۆزسیۆنى توندڕەوى سووریا كە لەلایەن توركیاوە هاوكاریى دەكرێن داگیر كرا.