حكوومەتى مالیكى گەندەڵترین حكوومەتى دواى بەعس بووە

0

رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات حكوومەتى نوورى مالیكى گەورەترین گەندەڵى بە دواى خۆى جێهێشتووە و بەهۆى گرانى نرخى نەوت و زۆرى هەناردەى نەوتى عێراق لە كاتى دەسەڵاتى مالیكى پارەیەكى زۆر لەبەر دەستى ئەو حكوومەتە بووە.

رۆژنامەكە باس لەوە دەكات ئەو لیژنەیەى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى دروستى كردووە، خەریكە لە بەرپرسە گەورەكانى عێراق نزیك دەبێتەوە و لە زۆربەى دۆسیەكانى گەندەڵییش ناوى نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى پێشووترى عێراق هاتووە.

بەگوێرەى ئەو لێكۆڵینەوانەى كە پێشتر كراوان، هەر دەسەڵاتێكى عێراق لە دواى 2003 وە گەندەڵى تێدا بووە، تەنانەت دەسەڵاتى پۆل برێمەریش بە گەندەڵى تۆمەتبار كراوە.


بەڵام دەسەڵاتى ئەیاد عەلاوى و ئیبراهیم جەعفەر ماوەیەكى كەم بووە، بۆیە ئەو گەندەڵییانەى كراون بە قەبارەى ئەو گەندەڵییە نییە كە نوورى مالیكى كردوویەتى.


هەرچەندە ماوەى سەرۆكایەتى حەیدەر عەبادییش هەر وا بووە، ئەوا بەهۆى شەڕى داعش و داگیركردنى عێراق لەلایەن داعشەوە و كەمبوونى پارە، بەرپرسان فریاى ئەوە نەكەوتوون، گەندەڵییەكى زۆر بكەن، لەگەڵئەوەشدا گەندەڵییەكى زۆر كراوە.


سەبارەت بە ماوەى دەسەڵاتى عادل عەبدولمەهەدیش، تەنیا ساڵێك بووە و لەو ماوەیەدا قەیرانى قووڵ رووى لە وڵات كردووە، بۆیە بەگوێرەى زۆربەى لێكدانەوەكان نوورى مالیكى بە گەندەڵترین سەرۆك وەزیرانى عێراق دادەنرێت.

رۆژنامەى عەرەب دەڵێ، لە كاتى دەسەڵاتى مالیكى پارەیەكى زۆر لەبەر دەست حكوومەتەكەى بووە، چونكە ئەو كات هەناردەى نەوتى عێراق زیادى كردبوو و نرخى نەوتیش بەرز بووە.


دواتر رۆژنامەكە باس لە چەندان دۆسیەى گەندەڵى گەورە دەكات كە راستەوخۆ ناوى مالیكى تێدا هاتووە. لەوانە تەنیا لە دۆسیەى ئاوى بەغدا ملیاران دۆلار دیار نەماوە و كەچى پرۆژەكەیش تەواو نەبووە.


بەگوێرەى راپۆرتەكە “عەرەب” لایەنە شیعەكان لە هەنگاوەكانى مستەفا كازمى نیگەرانن و بە “تۆڵەكردنەوە” تۆمەتبارى دەكەن، یەكێك لەوان بەرپرسێكى عەسائیبى ئەهلى حەق گوتوویەتى، دەبێت كازمى رێككەوتنى سیاسییمان لەگەڵ بكات ئینجا دەست بە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى بكات. رۆژنامەكە بە توانجەوە دەڵێ واتە كازمى لە گرتنى بەرپرسەكان رەزامەندى ئەوان وەربگرێت!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com