سەرۆكى دەستەى راوێژكارانى سەرۆكایەتى كۆمارى عێراق رایگەیاندووە، لە هەمواركردنەوەى دەستوورى عێراق پێشنیار كراوە ژمارەى پەرلەمانتارانى هەر خوولێك بۆ نزیكەى نیوەى كەم بكرێتەوە و ببێت بە 175 پەرلەمانتار.
ماڵپەڕى ئارتى رووسى ئەمڕۆ لێدوانێكى عەلى شوكرى سەرۆكى دەستەى راوێژكارانى سەرۆكایەتى كۆمارى بڵاوكردووەتەوە و كە ئاشكراى كردووە یەكێك لە پێشنیارەكانى هەمواركردنەوەى دەستوور كەمكردنەوەى ژمارەى پەرلەمانتارانى عێراقە.
سەرۆكى راوێژكاران گوتوویەتى پێشتر بۆ هەر 100 هەزار كەسێك لە دانیشتووانانى عێراق پەرلەمانتارێك دانراوە نوێنەرایەتییان بكات، بەڵام بەگوێرەى پێشنیارە نوێیەكە بۆ هەر 100 هەزار دەنگدەر پەرلەمانتارێك دەبێت.
بۆیە بەگوێرەى ئەو پێشنیارە ژمارەى پەرلەمانتاران دەگات بە 175 پەرلەمانتار نەوەك 329 پەرلەمانتار كە وەك ئێستا هەیە.
ئاشكرایشى دەكات پێشنیارێكى تریش هەیە ئەویش بۆ هەر 250 هەزار كەسێك نوێنەرێك هەبێت، كە بەم شێوەیەیش ژمارەى پەرلەمانتاران كەم دەبێتەوە.