رێگا بە ئۆباما نادرێت هێز رەوانەی عێرق بكات
نووچەنێت-ئاژانسەكان
كۆنگرێسی ئەمریكا بە زۆرینەی رەها بڕیاری دا رێگا بە ئۆباما نەدرێت خۆبەخۆ هێز رەوانەی عێراق بكات.
هەینی 25 ی تەمموز كۆنگرێسی ئەمریكا بە زۆرینەیەكی رەها (370 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە تەنها 40 دەنگی نەخێر) پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد كە رێگا نادات سەرۆك ئۆباما بێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندی كۆنگرێس هێزی سەربازی رەوانەی عێراق بكات.
ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ بوو رێگا درابووە سەرۆك بێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندی كۆنگرێس هێزی سەربازی رەوانەی عێراق بكات، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی ئەو دەسەڵاتە لە سەرۆك و كۆشكی سپی سەندرایەوە.
ئەو 40 كۆنگرێسمانەی دەنگیان لەدژی بڕیارەكە داوە دەڵێن پێویستە سەرۆك ئازاد بێ لە رەوانەكردنی هێز بۆ عێراق هەركاتێك بە گرنگی زانی و چاوەڕێی رەزامەندی كۆنگرێس نەبێت تا پلانە سەربازییەكان دوا نەكەوون.
هەرچی زۆرینەشن كە بڕیارەكەیان پەسەند كردووە دەڵێن ئەو چەند ساڵەی دوای دەسەڵاتی راپەڕاندن (سەرۆك) زیاتر لەپێویست پێی لێ راكێشابوو لە بڕیارداندا لەسەر حسابی دەسەڵاتی یاسادانان (كۆنگرێس) و بەم بڕیارە دەسەڵاتی راستەقینە بۆ كۆنگرێس و دەسەڵاتی یاسادانان گەڕایەوە.