لە دوو راگەیەنراوى جیاوازدا هێزەكانى سووریاى دیموكرات و ئەنجوومەنى خۆسەر لە رۆژئاواى كوردستان، داوا لە كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەكەن پەلە بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشیلكارییە مرۆییانەى لەلایەن هێزەكانى سەربە توركیا لە رۆژئاواى كوردستان كراون و لیژنەیەكى سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەشێكى ئاشكرا كردووە.
دواى بڵاوبوونەوەى راپۆرتێكى لیژنەى تایبەتى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروبارى سووریا، كە تێیدا باس لەو پێشیلكارە مرۆییانە كراوە كە هێزە توندڕەوەكانى سەربە توركیا دەرهەق بە خەڵكى رۆژئاواى كوردستان ئەنجامیان داوە.
ئەمڕۆ هەر یەكە لە ئەنجوومەنى خۆسەر و فەرماندەى هێزەكانى سووریاى دیموكرات ناسراو بە “هەسەدە” داوایان لە كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى كردووە لەسەر ئەو پێشیكارییانە بێنەدەنگ.
لە راگەیەنراوێكى ئەنجوومەنى خۆسەر هاتووە، بە هەزاران پێشیلكاریى لەلایەن هێزە توندڕەوەكانى سەر بە توركیا لە عەفرین و سەرێ كانییە و گرێ سپى ئەنجام دراون. بۆیە داوا دەكات كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لێكۆڵینەوەى زیاتر بكات و فشاریش بخاتە سەر توركیا بۆئەوەى رێگە نەدات گرووپە توندڕەوەكانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا ئەو كارانە بكەن.
ماڵپەڕى كەناڵى ئەلعەرەبیەیش راگەیەنراوێكى مەزڵووم عەبدى فەرماندەى هێزەكانى سووریاى دیموكراتى بڵاوكردووەتەوە كە هەمان داواى ئاراستەى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى كردووە و گوتوویەتى ئەوەى لە راپۆرتەكەى نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە بەشێكى بچووكە لەو پێشیلكارییانەى كە هێزە توندڕەوەكان ئەنجامى دەدەن.
هاوكات لەسەر هەمان بابەت برێت ماكگۆرك نوێنەرى پێشووى سەرۆكى ئەمریكا بۆ شەڕى داعش، لە تویتێك رەخنەى لە پێشیلكارییەكان گرتووە و گوتوویەتى، “دواى ئەوەى باكورى رۆژهەڵاتى سووریاى رادەستى پوتین و ئەردۆغان كرد، ترەمپ گوتى هیچ شتێك روونادات، كەچى بەگوێرەى راپۆرتێكى نوێى نەتەوە یەكگرتووەكان، تاوانەكانى جەنگ و كوشتن و رفاندن و تاڵان و راگواستن لەو ناوچانە روودەدەن، لەوەتەى سەربازەكانمان رۆیشتوون ئەو ناوچانە خراپتر دەبن”.