بەهۆى ئەوەى لە كشانەوەى تەواوى هێزەكانى ئەمریكا بێ ئومێد بوون، میلیشیاكانى شیعە دەستیان بە هەڕەشەكردن كردووە و دەڵێن بە هۆى كورد و سوننەوە ئەمریكا لە عێراق ناكشێتەوە.
مەحموود رەبیعى گوتەبێژى مەكتەبى سیاسى میلیشیاكانى عەسائیبى ئەهلى حەق، لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى هێرشى كردووەتە سەر پێكهاتە سەرەكییەكانى عێراق و گوتوویەتى بە هۆى ئەوانەوە ئەمریكا خۆى لە عێراق رادەگرێ و هێزەكانى ناكێشێتەوە.
رەبیعى بە ئاشكرا ناوى كورد و سوننەى هێناوە و لەگەڵ چەند كەسایەتییەكى شیعە گوایە ئەوانە پاڵپشتى مانەوەى ئەمریكا دەكەن و بۆیە فشارى هێزە میلیشیاكان كاریگەرى نابێ. جیا لەمەیش ئەو پێكهاتانە بە “بەكرێگیراوى ئەمریكا” ناو دەبات.
بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، گوتەبێژى عەسائیب تاكەكەس نییە لەم چەند رۆژەى دواییدا هێرشى كردبێتە سەر كورد و سوننە، بەڵكو تەواوى میلیشیاكان بە راگەیاندنەكانیانەوە هێرش و فشار دەهێنن بۆئەوەى وا بكەن پەرلەمانتاران بە راشكاوى بۆچوونى خۆیان دەرنەبڕن.
رەعد دەهلەكى پەرلەمانتارى قیواى سوننى لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى لەسەر ئەو هەڵمەتەى میلیشیاكان دەڵێ، ئەمە وایكردووە هەندێك لە پەرلەمانتاران بترسن و بە راشكاوى بۆچوونى خۆیان لەسەر مانەوەى ئەمریكا نەڵێن.
لە بەشێكى ترى لێدوانەكەیشى دەڵێ، ئێمە مانەوەى ئەمریكا بە پێویست دەزانین بۆ پاڵپشتى حكوومەتە و بۆئەوەى عێراق نەبێتە “نادەوڵەت” و بكەوێتە دەست میلیشیاكانەوە.