رۆژنامەى زە هێڵى ئەمریكى ئاشكراى كردووە، بۆ قەرەبووكردنەوەى كەمكردنەوەى هێزەكانى لە عێراق ئەمریكا لەمەودوا پشت بە تەكنەلۆژیاى سەربازى پێشكەوتوو و هەواڵگرى دەبەستێ. بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعشیش لە راهێنانى پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بەردەوام دەبێت.
لە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ ئەمریكا دەست بەكشانەوەى دوو هەزار و 200 سەرباز دەكات و تەنیا سێ هەزار سەربازى لە عێراق دەمێنێتەوە.
لە مانگى ئادارەوە تا ئێستا هەشت بنكەى گەورەى سەربازى ڕادەستى هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە. ئایا لەمەودوا چۆن قەرەبووى كەمكردنەوەى هێزەكانى دەكات لە عێراق؟
رۆژنامەى زە هێڵ لە راپۆرتێكدا وەڵامى ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێ، بە تەكنەلۆژیاى پێشكەوتووى سەربازى و بە كارى هەواڵگرى و فڕۆكەى بێ فڕۆكەوان ئەمریكا قەرەبووى ئەم كەمكردنەوەیە دەكات.
راپۆرتەكە باس لەوە دەكات لەمەودوا هێزێكى سەرەكى ئەمریكا لە كوردستان و بنكەى عەین ئەسەد دەبێ لە ئەنبار، بوونى هێزەكانى ئەمریكا لە كوردستان بەلاى رۆژنامەكەوە واتەى سەلامەتى هێزەكانە.
بۆ شەڕى داعشیش رۆژنامەكە باس لەوە دەكات، دەبێت ئەمریكا وەك پێشوو لەسەر مەشقكردنى هێزەكانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بەردەوام بێت، چونكە ئەوان دەتوانن شەڕى رێكخراوى تیرۆریستى داعش بكەن كە لەبنەڕەتدا ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە تەواو لاواز بووە.
بۆ هەڕەشەى میلیشیاكانیش راپۆرتەكە دەڵێ، ئەمریكا دەتوانێ تەكنەلۆژیاى بەرگرى نوێ بەكاربهێنێ، بۆ نموونە چەند رۆژێك لەمەوبەر سیستەم بەرگرى مووشەكى سیرام لە باڵوێزخانەى ئەمریكا لە بەغدا توانى هێرشێكى مووشەكى پووچەڵ بكاتەوە.