لە راپۆرتێكى كەناڵى حوڕە ئاشكرا كراوە، مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق هەوڵ دەدات بۆ نەهێشتنى دیاردەى چەكداریى دەسەڵاتێكى زۆر بە هەر دوو دەزگاى هەواڵگرى و دژە تیرۆر بدات، هۆكارەكەیش ئەوەیە ئەم دوو دەزگایە لەلایەن میلیشیاكانى ئێرانەوە هاك نەكراون.
كەناڵى حوڕە ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باس لە دەسەڵاتى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراقى دەكات لە بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاكان و چەكى هۆز و مافیاكان.
لە راپۆرتەكە هاتووە توێژەران و تەنانەت هاووڵاتییانیش داوا دەكەن دەسەڵاتێكى زۆرتر بەو دەزگایە بدرێت، بە تایبەتى كە دەزانرێ لە نزیكەوە كازمى بایەخى پێداوە و عەبدولوەهاب ساعدى گەڕاندۆتەوە پۆستەكەى خۆى كە سەرۆكى دەزگاكەیە و پێشتر لەسەردەمى عەبدولمەهدى لا درابوو.
لە راپۆرتەكە باس لەوە كراوە، كازمى دەیەوێ لە قۆناغى داهاتوودا بایەخێكى زۆرتر بە دەزگاى هەواڵگرى و دەزگاى دژە تیرۆر بدات، چونكە ئەم دوو دەزگایە كەمتر لە دەزگاكانى ترى لەلایەن میلیشیاكانەوە هاككراون، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاكانیش رۆڵى سەرەكى بەم دوو دەزگایە بدرێت.