نوچە
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/9/14 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ماتیو تولەر باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کرد کە کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی هاتوونەتە ئاراوە بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی نەخوازراوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رەفتارەی لە بەرامبەر دانیشتوانی کوردی ئەو دەڤەرانە دەکرێت. ھەروەھا ئاماژەی بە زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستان لەو دەڤەرانە دا و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە دیدارەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمەکانی ھەماھەنگیی زیاتر و ھاوکاریی ئەمریکا بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی و تەندروستیی ئێستا کرا.