شکست لە بەڵێنەکان و نمایشی سەرکەوتن

0

ئەسعەد مواردی

لە مێژوى سیاسى عێراقدا یەکێک لەو هۆیانەى نەیهێشتوە وڵاتەکە ئارامى و سەقامگیرى سیاسی بەخۆوە ببینێت، هەوڵەکانى بەمەرکەزیکردنى دەسەڵات و لەولاشەوە خەباتى سیاسى پێکهاتەکان بووە بۆ دابەشکردنى دەسەڵات لەگەڵ مەرکەزدا.

بە سوود وەگرتن لەو ناڕەزایەتیەى لە ناو شەقامدا پەرەى سەندووە، سەرۆک وەزیرانى نوێ مستەفا کازمى دەیەوێت ئەو کارەکتەرە بێت، دەسەڵاتى دەوڵەت دووبارە بەهێز بکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا کازمى دەتوانێت لە دۆخێکى ئاوا ئاڵۆزى ناوخۆی و هەرێمایەتى وڵاتێکى وەک عێراقدا دوبارە دەسەڵاتى دەوڵەت بچەسپێنێتەوە؟ ئایا کازمى دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ حوکمى تاکڕەوى دیکتاتۆرى جارێکى تر حوکمى یاساو دەستور بۆعێراق بگەڕێنێتەوە؟ ئایا کازمی ئەو بەڵێنانەی بە عێراقیەکانی دا جێبەجێی کرد؟

کورد و شیعە و سوننە ئەو سێ پێکهاتە سەرەکییەى دەوڵەتى عێراقن، کە هەرکام ویستویەتى بەشێک لە دەسەڵات بۆخۆى بپچڕێت، شیعە و سوننە و لەناو ئەوانیشدا قوتابخانەى سیاسى جیاواز ویستویانە دەسەڵاتى خۆیان بەسەر بەغداى پایتەختدا بسەپێنن و لەوێوە حوکمى عێراق بکەن.

هەرکەس توانیبێتى دەستبەسەر بەغدا و سوپادا بگرێت، توانیویەتى حوکمى عێراق بکات، بەڵام لەسەر حسابى مافە سیاسیەکانى پێکهاتەکانى تر، تەنانەت هەندێ جار لەسەر حسابى مافە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانیش وەک لە عیراقى سەدام حسێندا دەبینرێت، کە مافەکانى کورد و شیعە پێشێل دەکات.

لە دواى روخاندنى دەسەڵاتى رژێمی بەعس لە ساڵى (2003)، بیرۆکەى رەچاوکردنى فرەیی هاتە ئاراوە، نەک تەنها قبوڵکردنى فرەیی مەزهەبى و نەتەوەیی بەڵکو چەسپاندنى فرەیی سیاسیش، بۆیەکەمجاریش لە مێژوى عێراقدا کوردستانى عێراق، بەشێوەیەکى دانپیانراو و دەستوریی مافى بە هەرێم بوونى پێبەخشرا.

( لەبەندەکانى یەکەم و دوەم سێهەمى دەستورى عێراقى بە روونى دانى بە جیاوازیە مەزهەبى و زمانى و نەتەوەییەکانى عێراقدا ناوە و جەخت لە سیستمى دیموکراسی وڵات دەکاتەوە).

(بەندى پێنجەمیش بە شێوەیەکى دەستورى و قانونى دانى بە هەرێمى کوردستان ناوە وەک هەرێمێکى خاوەن دەسەڵاتى دەستورى لە چوراچێوەى عێراقى فیدراڵدا، دانى بە دروستکردنى هەر هەرێمێکى نوێشدا ناوە بە پێى مەرجە یاسایی و دەستوریەکان).

 ئەم نەخشە نوێیە بۆ عێراق ئەگەرچى لەروى تیۆریەوە گونجاو و دادپەروەرانە بوو، بەڵام لە پراکتیکدا بێ کێشەو گیر و گرفت نەبوو، بەشێوەیەک قەیرانێکى قوڵ، کە جگە لەوەى بێ سەروبەرى و فرە جەمسەریى لەدەسەڵات و بان یاسایی و لەدەستدانى سەروەریی هێنایە ئاراوە، کە بونى وڵاتەکەشى خستە مەترسیەوە بەشێوەیەک بەشێک لە سیاسیە بە ئەزمونەکانى دنیا بە نافەرمى باس لە پێویستیی هەڵوەشانەوەى عێراق دەکەن، لەپێناو سەقامگیربونى وڵاتەکە و لەوێشەوە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. 

کێشەى فرەیی دەسەڵات لە عێراقدا بەشێوەیەک قوڵبووەتەوە دام و دەزگا فەرمییەکانى وڵات وەک لاوازترین جەمسەرى دەسەڵات لە وڵات دەردەکەون، گروپە چەکدارەکان “کە هەندێکیان دانپیانانى یاساییشیان هەیە وەک حەشدى شەعبى” هەروەها دەسەڵاتى پارتە سیاسیەکان چ لەروى سەربازى و ئەمنى و ئابوریەوە وای کردوە دەوڵەت بوە بە هاوکێشەیەکى لاواز و لە بەرامبەردا ئەوەى پێى دەوترێت دەوڵەتى قوڵ جێى دەوڵەتى دەستورو یاسا بگرێتەوە.

ئێستا عێراق، بۆ (17) ساڵ دەچێت بەسەر چەندین گروپى سیاسى و میلیشیاى چەکداردا دابەشبووە، هەر جەمسەرێک پێگەو بنکەى خۆى قایمکردووە و هێزى مانەوە لە دۆخى ئاڵۆزى ناوخۆ و پشتیوانى دەرەکى وەردەگرێت، عیراقى نوێ سروشتێکى فرەیی سیاسی وەرگرتووە و ئاسان نییە کەسێک بتوانێت کۆتایی بەم فرەییە بهێنێت، پرسیار ئەوەیە ئایا کازمى چى بە دەستەوە تا بتوانێت ئەم دۆخە بگۆڕیت لەکاتێکدا مەرجى گۆڕینى ئەو دۆخە بازدانە بەسەر ئەو هەمو هێزو گروپ و میلیشیا چەکدارانەى نوێنەرایەتى دەوڵەتى قوڵ دەکەن.

کازمى بۆ چەسپاندنى دەسەڵاتى خۆى چەند خاڵێکى هێزى بەدەستەوەیە لەوانە پشتیوانى ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى میلیشیا چەکدارەکان، کە ئەگەر ئەم پشتیوانیە بەردەوام بێت دەتوانێت زۆر پەتى دەسەڵات بخاتە دەستى کازمیەوە.

هەروەها دۆسیەى چاکسازى کە داواکاریەکى شەقامە و لەم رێگەیەوە دەتوانێت پشتیوانى دەنگدەران بەدەستبهێنێت لەهەر هەڵبژاردنێکى داهاتودا.

لەبەرامبەریشدا هەژموونى ئێران و بەهێزى میلیشیا چەکدار و پارتە سیاسییەکان بوونی هەیە. 

عەلی فەیلی، شرۆڤەکاری و سیاسی و شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق، لەبارەی دۆخی نوێی عێراق، بە نوچەی رایگەیاند: ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، ململانێیە لە نێوان بۆچوونی جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، جا هەرکامیان پشوویان درێژتر بێت، ئەو ئیرادەیە سەردەکەوێت.

عەلی فەیلی دەڵێت، ئیرادەی کازمی ئیرادەی هاوپەیمانان و ئیرادەیەکی عیلمانییە و لە بەرانبەریشدا ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانیەتی. ئەو دوو ئیرادەیە لە ململانێدان، کە بزانن کامەیان دەتوانێت زاڵ ببێت. هەروەها هێشتا هیچ دیار نییە بە کام لایدا قورسایی دەکات.

سایتى (العالم الجدید) بەشێکى تایبەتى بە چاودێریکردنى بەڵێنەکانى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق کردوەتەوە لە ساتى دەستبەکاربوونى لە شەشى ئایارى (2020) تا تێپەڕبونى زیاتر لە  (100) رۆژ.

سایتەکە لە رێی بەشێکى تایبەتەوە بەناوى ( کازمى میتر) چاودێرى و هەڵسەنگاندنى بۆ ئاستى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى کابینەکەى ناوبراو کردوە.

بەپێى خستنەڕوى ئامارى پێگەکە؛ کازمى لە ساتى دەستبەکار بونیەوە  (28) بەڵێنى داوە، لەوانە تەنها دوو بەڵێنى بەتەواوى جێبەجێ کردووە و لە جێبەجێکردنى (22) بەڵێندا شکستى هێناوە، چوار بەڵینى دیکەشى بەشێوەى رێژەیی جێبەجێکردوە.
لەبوارى سیاسیدا یەک لەو بەڵێنانەى کازمى جێبەجێى کردوە دیاریکردنى وادەیەکە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت، بەڵام لە چوار بەڵێنى سەرەکى دیکەدا شکستى هێناوە ئەوانیش:

1- دژایەتى گەندەڵی
2- پاراستنى سەروەریی و دانانى وەک هێڵى سور.
3- پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
4- ئازادکردنى خۆپیشاندەران و پێکهێنانى ئەنجومەنێکى راوێژکاریى گەنجان.

پێگەکە دەڵێت: “تا ئێستا هیچ بەرپرسێک لەسەر گەندەڵى لێپرسینەوەى لێنەکراوە، تەنانەت گەندەڵى وەک کاتى پێشو لە دام و دەزگاکاندا ماوە”.

لەبارەى ئەو بەڵێنانەى کازمى داى لە پاراستنى سەروەریی ماڵپەڕەکە ئاماژە بە دەستوەردانەکانى تورکیا لە هەرێمى کوردستان “باکورى عێراق” دەکات و وەک بەڵگەى شکستى ئەو بەڵێنە ئاماژەى بۆ دەکات.

هاوکات باس لە وتارى کازمى دەکات لە حەوتى ئایار لە بەردەم ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە بەڵێنى پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەدات، بەڵام وەک پێگەکە ئاماژەى بۆ کردوە نەیتوانیوە پەیوەندیەکى پتەو و باش لەگەڵ هەرێمى کوردستان دروستبکات و هەرێمى کوردستانیش تائێستا پابەند نییە بە پابەندبوونە داراییەکانى بەرامبەر ناوەند.

لەبوارى ئەمنیشدا کازمى لە پێنج بەڵێن لە چواردا شکستى هێناوە، ئەوانیش لێپرسینەوە لە بکوژانى خۆپیشاندەران، گرتنى بکوژى چالاکوانانى مەدەنى، گەڕاندنەوەى شکۆ و دەسەڵاتى دەوڵەت و هێشتنەوەى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا، جگە لەوەى کازمى پاشگەز بوەتەوە لە بڕیارێکى خۆى بە لادانى بەرپرسێکى گەورەى ئەمنى لە پۆستەکەى لە دواى کوژرانى نوسەر و لێکۆڵەر هیشام هاشمى.

لە بوارى ئابوریدا کازمى شکستى لە جێبەجێکردنى پێنج بەڵیندا هێناوە، لەکۆى شەش بەڵێن، کە لەم بوارەدا دابوى، بەشێوەیەکى رێژەیی بەڵینى کۆنترۆلکردنى دەروازە سنوریەکانى جێبەجێکردوە ن لە کۆى (30) دەروازەى سنورى هێزە ئەمنیەکان توانیویانە تەنها کۆنترۆڵى دەروازەکانى مەندەلى و تەریبل و دەروازەکانى بەسرە بکەن.

بەپێى کارنامەى کابینەکەى دەبوایە کازمى لەماوەى ( 100) رۆژەى حکومەتەکەیدا ئەنجومەنێکى باڵا بۆ کار و وەبەرهێنان دابمەزرێنێت، بەڵام تائێستا ئەو ئەنجومەنە دانەمەزرێنراوە، ئەوە جگە لەوەى کارنامەکەى کازمى باس لە دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ گەنجان و هاوکارى کردنیان بۆ کارکردن لەکەرتى تایبەت دەکات، بەڵام تائیستا لەو بوارەشدا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئەم دوو ئیرادەیە و پشێویانە بەردەوام بن چی روودەدات، عەلی فەیلی گوتی ”ئەوانەی تاکو توانایان هەبێ بەرەنگاری حکومەت ببنەوە نایان هەوێ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و دۆخی ئەمنی سەقامگیر بێت”.

عەلی فەیلی دەشڵێت، عێراق جیاوازە لە وڵاتانی دیکە بۆ ئێران، چونکە سەرمایەگوزاری کردووە و خەڵکی خۆی هەیە، کە لە جیاتی ئەوان شەڕی بەرژەوەندییان بکەن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستوپەیوەندی خۆی هەیە، وەک دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوپەیانی فەتح، سەداسەد لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندان. هێزەکانی دیکەی شیعە میانڕەون بەڵام دەتوانین بڵێین، ئەوانیش سۆزیان بۆیان هەیە.

هەمو ئەوەى کازمى دەیکات و مەرجى سەرکەوتن و تێکشکانى پەیوەستە بەبارودۆخى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیەوە.

کازمى خۆى ئەو توانا گەورەیەى نییە، بەڵام ئەو پشتیوانیەى لەدەرەوە بەدەستى دێنێت دەتوانێت بەهێزى بکات، جگە لەوەش ئەو زەمینە سیاسیەى لە دەرەنجامى بارودۆخى ناوچەکە و پەیوەندى و ململانێکانى ئێران و ئەمەریکا لە عێراقدا دروستدەبێت ئەوە یەکلا دەکەنەوە ئایا کازمى سەرکەوتو دەبێت یاخود نا؟

کازمی لە چەندین دۆسیە کە لە بەغدا و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق دەستی بۆ بردن شکستی هێنا و نەیتوانی نە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران هەڵوەشێنێتەوە و نە چالاکییەکانیان سنووردار بکات. هەروەها لە کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان سەرکەوتوو نەبوو و ئێستاش میلیشیاکانی حەشد ئیدارەیان دەکەن و لە بەرژەوەندیی ئێران بەکاریان دەهێنن. لەوەش خراپتر بۆ کازمی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکانە بەتایبەتیش کە چەند کازمی لە ئێران دووربکەوێتەوە ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت.

لەم رۆژانەی دواییدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی هاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە، دواتر سەردانی هەرسێ پارێزگای: دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەی کرد.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لەبارەی سەردانی کازمی بۆ کەمپێکی ئاوارەکانی شنگال، بە نوچەی گوت، سەردانی کازمی بۆ ناوچەکە و کەمپی پەنابەران زۆر باشە، بەڵام دەبێت لە کرداردا رەنگبداتەوە و داخوازی ئاوارە بگەیەننە جێی خۆی، هەروەها ئاوارە ناتواننبگەڕێنەوە ئەوێ تاکو هێزی نایاسایی لەوێ بن و ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێەوە تاکو ئیدارەیی یاسایی دەستبەکار نەکاتەوە.

مەحما خەلیل دەڵێت، ئاوارەکانی شنگال خاوەن مەسەلەیەکی مرۆیین. هەروەها قەزای شنگال یەکەم قەزا بوو، کە لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار کرا، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی عێراق ماستەر پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی دانانێت.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=25861

٢_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=26437

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com