رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى لە راپۆرتێكدا دەڵێ رەوتى سەدر و چەند حزبێكى ترى شیعە دەیانەوێ كەركووك بەرەو تایفەگەرى ببەن و بۆیە بەرەیەكی نوێیان دروست كردووە.
رۆژنامەى “عەرەب” ئەمڕۆ لە راپۆرتێكى بڵاوكردووەتەوە و باسى لەوە كردووە حزبەكانى شیعە لە كەركووك ئاژاوەى تایفەگەرى دەگێڕن، مەبەستیشیان خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنى داهاتووە.
لە راپۆرتەكە هاتووە، دوێنێ بەرەیەكى نوێ بە ناوى “دەستى هاوئاهەنگى عەرەبى” لە كەركووك راگەیاندراوە، كە نوێنەرایەتى حزبە شیعەكان دەكات.
ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكرێ لە راگەیاندنەكە ناوى حزبەكانى شیعە ئاشكرا نەكراوە كە لە ناوە بەرەكەدان، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە بە یەكەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتوو بكەن.
رۆژنامەكە ئەوە لە بیر ناكات بڵێ، حزبە شیعەكان لە دواى رووداوەكانى 16ى ئۆكتۆبەرى 2017 وە دەسەڵاتیان لە كەركووك سەپاندووە، ئەویش بە زۆرى لە رێگەى میلیشیاكانى حەشدى شەعبییەوە بووە كە نزیكەى 50 كورسییان لە پەرلەمانى عێراق هەیە.
وەك دەردەكەوێ سەركردەیەكى رەوتى سەدر بە ناوى محەمەد لامى بەیاننامەى دامەزراندنى بەرەكە خوێندووەتەوە.
رۆژنامەى عەرەب باس لەوە دەكات شیعە دەیانەوێ لە دژى كورد تایفەگەرى لە شارى كەركووك توندتر بكەن و لەمەیشدا ئێران پشتگیرییان لێ دەكات، لە بەرامبەریشدا توركیا هانى تایفەگەرى دەدات بە جوڵاندنى توركمانەكانى كەركووك.
لە راپۆرتەكە چەند جارێك رۆشنایى دەخرێتەسەر هەوڵەكانى موقتەدا سەدر كە بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن هەموو كارێك دەكات، لەوانە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە 2018 هاوپەیمانییەكى بە ناوى سائیروون پێكهێنا كە تەنانەت حزبى شیوعى عێراقیش لە هاوپەیمانییەكە بوو.