عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق لە دیدارێكى لەگەڵ نوێنەرى باڵاى سكرتێرى نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پاڵپشتى خۆى بۆ ئەو وادەیە راگەیاند كە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاركراوە و داوایشى لە عێراقییەكان كرد هەموویان بەشدارى لە هەڵبژاردنەكە بكەن.
بۆ جارى دووەم لە ماوەى 10 مانگ ئەمڕۆ عەلى سیستانى لەگەڵ جینین پلاسخارتى نوێنەرى باڵاى سكرتێرى گشتى نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە ماڵەكەى خۆى لە شارى نەجەف كۆبووەوە.
لە بەیاننامەیەك كە لەلایەن ماڵپەڕى سیستانى بڵاوكراوەتەوە، سیستانى گوتوویەتى” هەڵیژاردنى پەرلەمان كە بڕیارە ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێ گرنگییەكى زۆرى هەیە”.
سیستانى هانى عێراقییەكان دەدات بە فراوانى بەشدارى لە هەڵبژاردنەكە بكەن و داوایش دەكات هەڵبژاردنەكە چیتر دوا نەخرێت و هاوكات دەبێت تەواوى رێكارییەكانى بۆ ئامادە بكرێت بە شێوەیەك ئەنجامى هەڵبژاردنەكە لەبەرژوەندى عێراقییەكان بێت و رازیكەر بێت، نەوەك كێشەى زیاتر دروست بكات.
ماوەى چەند ساڵێكە سیستانى پێشوازى لە هیچ بەرپرسێكى عێراقى نەكردووە و لە ماوەى 10 مانگى رابردوودا دوو جار لەگەڵ نوێنەرى باڵاى نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەتەوە.
بۆچوونى سیستانى لە ناوەندى شیعە عێراق گرنگە و ئەو هەڵوێستەى ئەمڕۆیشى لە بەرژوەندى بڕیارەكەى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق دایە، كە شەشى مانگى حوزەیرانى داهاتووى وەك وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاركردووە.