كۆمپانیاى گۆلف ساندز كۆمپانیایەكى بەریتانییە لە بوارى نەوت لە رۆژئاواى كوردستان كار دەكات، لە رێككەوتنى ئەمریكا و ئەنجوومەنى خۆسەر لە بوارى نەوت نیگەرانە و بە نیازە سكاڵا بكات. بەرپرسێكى كۆمپانیاكە دەڵێ، ئێمە پێشتر لە 2003 رێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتى سووریا كردووە، كەچى ئێستا كارەكە بە كۆمپانیایەكى ئەمریكى دراوە.
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باسى لە ناڕەزاییەكانى كۆمپانیاى گۆلف ساندزى بەریتانى كردووە، كە كۆمپانیایەكى بەناوبانگە 17 ساڵە لە رۆژئاواى كوردستان كار دەكات.
بەرپرسێكى كۆمپانیاكە باسى لەوە كردووە لە ساڵى 2003 كۆمپانیاكە رێككەوتنى لەگەڵ حكوومەتى سووریا كردووە بۆئەوەى وەبەرهێنان لە بلۆكى 26 بكات لە رۆژئاواى كوردستان كە ئەوان بە رۆژهەڵاتى فوڕاتى ناو دەبەن.
بڕى بەرهەمهێنانى كێڵگەكە 20 هەزار بەرمیلى رۆژانە بووە و دواى جیاكردنەوەى خەرجى دوو لە سێى بەرهەمەكە بۆ حكوومەتى سووریا رۆیشتووە. كۆمپانیاكە دەڵێ بە چەندان ملیار دۆلار وەبەرهێنانى لەم كێڵگەیە كردووە، كەچى ئێستا ئەنجوومەنى خۆسەر و ئەمریكا رێككەوتوون و كارەكەیان بە كۆمپانیاى دلتا كریسنت ئینێرجى ئەمریكى داوە.
كۆمپانیاكە باس لەوە دەكات هەرچەندە تواناى كێڵگەكە 20 هەزار بەرمیلى رۆژانە بووە كەچى لەماوەى چوارساڵى رابردوودا كەسانێك هاتوون بێ مۆڵەت 26 ملیۆن بەرمیل نەوتیان دەرهێناوە، بێئەوەى زیانەكان لەبەرچاو بگرن و رەچاوى بەرژوەندى كۆمپانیاكە بكەن.
بەرپرسى كۆمپانیاكە دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەوان داكۆكى لەمافەكانى خۆیان دەكەن و سكاڵا لەسەر ئەمریكا و ئەنجوومەنى خۆسەر تۆمار دەكەن، چونكە ئەوان لەگەڵ حكوومەتێكى فەرمى لە 2003 رێككەوتنیان هەیە.