بەگوێرەى راپۆرتى كەناڵێكى ئەمریكى، سوننەكانى عێراق لە بڕیارى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا دەترسن، چونكە پێیانوایە لێكەوتەى ئەو بڕیارە زیادبوونى دەسەڵاتى میلیشیاكانى سەربە ئێرانە.
ماڵپەڕى كەناڵى حوڕە ئەمڕۆ راپۆرتێكى بڵاوكردووەتەوە، باس لە مەترسى سوننەكانى عێراق دەكات لەبەرامبەر ئەو بڕیارەى كە هەفتەى رابردوو بە فەرمانى دۆناڵد ترەمپى سەرۆكى ئەمریكا لەلایەن وەزارەتى بەرگرى ئەمریكاوە بۆ كەمكردنەوەى هێزەكان دراوە.
لە راپۆرتەكە هاتووە كەمكردنەوەى هێزەكانى ئەمریكا واتە زیادبوونى دەسەڵاتى میلیشیاكانى سەربە ئێران، ئەمەیش مەترسى سوننەكانى لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەو میلیشیایانە لە ناوچەكانى سوننە جێگیركراون.
راپۆرتەكە باس لە ستەمى ئەو میلیشیایانە دەكات كە لە ناوچە رزگاركراوەكان لە خەڵكى سوننەى دەكەن و چەندان نموونە دەهێنێتەوە، تەنانەت دەڵێ ئەوان لە دەست رێكخراوى تیرۆریستى داعش رزگاریان بووە ئێستا لەلایەن میلیشیاكانەوە داگیركراون.
عەلى بودەیر شرۆڤەكارى سیاسى لە راپۆرتەكە گوتوویەتى، هەرچەندە پرۆسەى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا زیاتر بێت ئەوا هەژموونى میلیشیاكانیش زیاتر دەبێت، ئەمەیش هۆكارە بۆئەوەى ئاژاوەیەكى ئەمنى دروست بێت و بڕیارە ئەمنییەكان كە لە لایەن فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكانەوە دەردەچێ جێبەجێ نەكرێن.
بودەیر دووپاتیشى دەكاتەوە پێكهاتەى سوننە ترسیان بە پرۆژەى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكاوە هەیە.
غانم عەبد توێژەرێكى سوننەیە و خەڵكى شارى مووسڵە لە راپۆرتەكەدا دەڵێ، كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا وا دەكات عێراق بكەوێتە ژێر چەپۆكى ئێران. دووپاتیشى دەكاتەوە بڕیارى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا پێچەوانەى ئارەزووى پێكهاتەى كورد و سوننەیە لە پەرلەمانى عێراق.
هەفتەى رابردوو وەزارەتى بەرگرى ئەمریكا رایگەیاند، لە مانگى تشرینى دووەم “نۆڤێمبەر” ئەمریكا ژمارەى سەربازەكانى لە عێراق بۆ سێ هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە.