ماڵپەڕى حوڕەى ئەمریكى لەسەر زارى لیژنەى دەسپاكى پەرلەمانى عێراق ئاشكراى كردووە، لە تەواوى ئەو پارانەى ساڵانى رابردوو بۆ پڕۆژەكانى دەوڵەت تەرخان كراوە، 90% دزراوە و تەنیا 10%ى خەرج كراوە.
عالیە نوسەیف ئەندامى لیژنەى دەستپاكى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، لیژنەكەیان چەندان دۆسیەى گرنگى گەندەڵییان لایە بە “دۆسیە نۆهەدییەكان” ناوى دەبەن.
نوسەیف گوتوویەتى بۆیە ئەو ناوەى لێنراوە، چونكە لە تەواوى ئەو دۆسیانە دەردەكەوێ لە 90%ى ئەو پارانەى بۆ پڕۆژەكانى دەوڵەت تەرخانكراون، دزراون. تەنیا لە 10% خەرجكراون.
دووپاتیشى دەكاتەوە، پارە دزراوەكان رەوانەى دەرەوەى عێراق كراون.
لە بەشێكى ترى قسەكانى باسى ئەوەى كردووە لیژنەى دەسپاكى لە پەرلەمانى عێراق ئامادەیە هەموو ئەو دۆسیانە بەو لیژنەیە بدات كە مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى لە مانگى رابردوودا بڕیارى پێكهێنانى داوە.
دەشڵێ گرنگە ئەو لیژنە باڵایە لێكۆڵینەوە بۆ هەموو ئەو گرێبەستانە بكات كە لە دواى 2003 وە لەلایەن سەرجەم وەزارەتەكانەوە واژۆ كراون.