كینیس ماكینزى فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندى ئەمریكا رایگەیاند، ئەمساڵ هێرشەكانى سەر بنكەكانى ئەمریكا لە عێراق لەلایەن هێزەكانى سەربە ئێرانەوە زیادى كردووە، بەڵام هیچ كەسێكى لە ئەمریكییەكان نەكوشتووە. دووپاتیشى دەكاتەوە ئێران دەیەوێ حكوومەتى عێراق ناچار بكات داواى دەركردنى هێزەكانى ئەمریكا بكات.
ماڵپەڕى كەناڵى حوڕە لێدوانێكى ماكینزى بڵاوكردووەتەوە و بەر لە لێدوانەكەى حوڕە نووسیویەتى، لەوەتەى هەشت مانگ لەمەوبەر هێرش كراوەتە سەر بنكەكەى كەركووك هیچ سەربازێكى ئەمریكى نەكوژراوە.
لەسەر ئەم بابەتەیش كینیس ماكینزى دەڵێ، “هێرشەكان لەلایەن ئێرانەوە زیادى كردووە، بەڵام راستەوخۆ ناخرێنە سەر بنكەكان، هێرشەكان كوشتارى لێ نەكەوتووەتەوە، ئەمە شتێكى باشە، بەڵام ئەوان بەردەوامن”.
لە بەشێكى ترى قسەكانى فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندى ئەمریكا باس لەوە دەكات، میلیشیاكانى سەربە ئێران چەكى نوێیان هەیە، بەڵام ئەوان بە چەكە نوێیەكانیان هێرش ناكەن، بەڵكو مووشەكى 107 ملمى و هاون هێرش دەكەن.
ماكینزى پێیوایە ئامانجى ئێران لەم كارە ئەوەیە حكوومەتى عێراق ناچار بكات داواى دەركردنى هێزەكانى ئەمریكا بكات، بەڵام بە گوتەى ئەو عێراق ئەو كارە ناكات، چونكە دەزانێ پەیوەندى ئەمنى لەگەڵ ئەمریكا گرنگە، لێرەیشدا سیاستەكەى ئێران بەرهەمى نابێت.