لە پەرلەمانی عیراق هەوڵی وەرگرتنەوە مافێکی سروشتی لەژن دەدرێت

0

بەهرە حەمەڕەش

فراکسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە تێیدا داوای هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە(١٨٨ی ساڵی١٩٥٩ ) دەکات، بەشێک لە پەرلەمانتار و چالاکنی مەدەنی دەڵێن، ئەوە گەڕانەوەی عیراقە بۆ مەرجەعیەتی ئاینی و دوورکەوتنەوە لە یاسا مەدەنییەکان.

لەماددەی (٥٧ی یاسای ژمارە١٨٨ی ساڵی١٩٥٩)دا هاتووە:

(لەکاتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دایک شایانتر لەوەی مافی بەخێوکردنی منداڵەکەی پێبدرێت بەڵام بە مەرجی ئەوەی بەخێوکراوەکە لەمەدا زیانی پێنەگات لەکاتێکدا دایکی بچووکەکە یەکێک لە مەرجەکانی بەخێوکردنی لەدەست دا ئەوا بۆئەو کەسە دەگوازرێتەوە کە دادگا دەستنیشانی دەکات بەڵام دەبێ رەچاوی منداڵەکە بکرێت ئەگەر هەریەکە لە دایک و باوکی نەمابوو ئەوا منداڵەکە بە بەخێوکارێکی ژن یان پیاوی دەستپاک دەدرێت یانیش بە داینگەی دەوڵەت دەدرێت کە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە ئەگەر هەبێت).

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بە نوچەنێتی گوت
“فراکسیۆنی سائیرون پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ئامادەکردووە کە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان، دەیانەوێ بەم هەموارە مافی بەخێوکردنی منداڵ لەکاتی جیابوونەوە لە ژن وەرگرنەوە بیدەن بە پیاو”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا وەها هەوڵێک سەردەگرێت و دەنگی یاسایی مسۆگەر دەکات، رێزان گوتی”زۆربەی کوتلە شیعەکان بە ژن و پیاوەوە لەگەڵیدان، هەتا پەرلەمانتارێکی کوردیش لەگەڵ ئەم هەوڵەیە. لە کاتێکدا لە کوردستان کاری زۆر لەسەر یاسای باری کەسی کراوەو بەباشی هەموارکراوە. هەرشتێ دژی ژن بێ و هەرشتێ بێت و رۆژانە عیراق بگەڕێنێتەوە دواوە و بیگەڕێنێتەوە بۆسەر مەرجەعیەت و دین، لەگەڵیدان. هەشت ساڵ پێش ئێستاش قانونی جەعفەریەیان هێنایە ناو پەرلەمان، چوارساڵ پێش ئێستا دەیانویست یاسای باری کەسی لە کاتی هاوسەرگیری و تەڵاق بگەڕێیتەوە سەر مەرجەعیەتە دینەییەکان، ئێستا کە لە بڕگەگانی تردا شکستیان هێناوە دەیانەوێ هەوڵ بدەن مافی بەخێوکردنی منداڵ، لەکاتی جیابوونەوە بگەڕێننەوە بۆ باوک”.

سەبارەت بە هەوڵ و رێگری پەرلەمانتارانەی کە خاوەن باوەڕ و ئایدیای شارستانی و ئازادن ئەو ژنە پەرلەمانتارە باسی لە هەوڵەکانەکان بۆ رێگریکردن کرد” خۆپیشاندانێکی گەورە بۆ پیشان دانی ناڕەزایی رێکخراوە. کۆمەڵێک پەرلەمانتار و بەرپرسی لیژنەی قانونی هەوڵ دەدەین ئەم پڕۆژەیە نەچێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان، هەروەها هەموو هەوڵێك دەدەین لەگەڵ یوئێن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە فەرمی داوام لە ئەنجومەنی باڵای خانمان لە هەرێم  کردووە بۆ هاوکاری، تا هەموو پێکەوە دژی ئەم هەموارە بوەستینەوە. پێشتر بە چوار قۆناخ هەوڵیان دا، سەرکەوتونەبوون، پێموایە دیسان سەرکەوتوو نابن. هۆکارێکی تر بۆ ئەم هەوڵەی ئەوان ئەوەیە کە ئێستا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هاتۆتە پەرلەمان، ئەوان هەوڵ دەدەن رێگری دروست بکەن”.

بڵند مستەفا، پارێزەر سەبارەت بە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عیراقی دەڵێت” بەهۆی ئەوەی کەسانی ئاینی و مەزهەبی زۆرخزاونەتە ناو پەرلەمان و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە عیراق، هەوڵ دەدەن بە جۆرێک دەستکاری یاساکان بکەن کە لەناو بیروباوەڕی مەزهەبی ئەوان جێگای ببێتەوە، ئەگەرنا یاسای باری کەسی عیراقی هەرچەندە ٥٠ساڵ پێش ئێستا دەرچووە بەڵام لەزۆر رووەوە پێشکەوتنی باشی تێدابەدی دەکرێت، گەرەنتی باشی بۆ مافەکانی ئافرەت تێدایە بەتایبەت لەو رووەوە کە مافی ئافرەتی لە نەفەقەپێدان لەسەر مێرد چەسپاندووە، هەروەها مافەکانی ئافرەتی دوای جیابوونەوە زامن کردووە، هەروەها کۆمەڵێک مافی داوەتە ئافرەت کە بەهۆیەوە دەتوانێ داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بکات”.

بڵند مستەفا زیاتر قسە لەسەر یاساکە دەکات” یەکێکی دیکە لەو مافە باشانەی لەم یاسایەدا بۆ ئافرەت چەسپێنراوە مافی دایەنی کردنە، مافی بەخێوکردنی منداڵ لەلایەن دایک دوای جیابوونەوە لە یاسای باری کەسی عیراقی چەسپێنراوە لەزۆر یاسای باری کەسی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەم شێوەیە نەدراوەتە ئافرەت، لە ماددەی ٥٧یاسای باری کەسی زۆر بەروونی مافی بەخێوکردنی منداڵ لەلایەن دایک لەکاتی هاوسەرێتی و دوای جیابوونەوەش باس دەکرێت، کە دایک لە پێشترە و بە خاوەنی ئەم مافە دادەنرێت تەنانەت دوای جیابوونەوە و ئەگەر ئافرەتەکە جارێکی دیکەش شوبکاتەوە بەهۆی شوکردنەوەی دووەمی مافی بەخێوکردنی منداڵەکانی لەدەست نادات، تەنیا لەو کاتەدا نەبێت کە بە بەڵگەی یاسایی بسەلمێنرێت کە مانەوەو بەخێوکردنی منداڵەکە لەلای دایکەکە زەرەرمەند دەبێت بۆ چارەنوس و رەوشتی منداڵ، ئەوکاتە ئەو مافەی لێدەسەنرێتەوە”.

بڵند مستەفا ئاماژە بە هەمواری یاسای باری کەسەی لە هەرێمی کوردستان دەکات” لە هەرێمی کوردستابن ئەم هەوڵە بەپێچەوانەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٨ هەمواری یاسای باری کەسی، هەموارێکی بێوێنە بوو بۆ زامن کردنی زیاتری مافەکانی ئافرەت، ئێستا هەرێم خاوەن یاسایەکی زۆر پێشکەوتوی باری کەسییە”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەگەر ئەم هەموارە لە پەرلەمانی عیراق دەنگی یاسایی بهێنێت، هەرێمی کوردستان لەرووی یاساییەوە دەبێ پابەند بێت؟ بڵند مستەفا دەڵێت” هەریاسایەک لە پەرلەمانی عیراق دەربچێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەیەوێ جێبەجێی بکات، دەتوانێ بە بڕیارێکی یاسایی تر لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری جێبەجێنەکردنی بدات”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com