ئەسعەد مورادی
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، شکستهێنانی هەوڵی بەپارێزگا کردنی خوورماتوو بەهۆی نادەستووری بوونی داواکەیانەوە بووە.
قەزای خورماتوو یەکێکە لە شارۆچکەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و لە سێ پێکهاتەی نەتەوەیی پێکدێت، کە زۆرینەی لە نەتەوەی کوردن.
بەگوێڕەی زانیارییەکان، لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆی بۆ بە پارێزگاکردنی خورماتوو دراوە، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبووە و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەو داوایەیان رەتکردۆتەوە و نەخراوەتە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن بارام، چاودێری سیاسی کورد، لەبارەی شکستهێنانی هەوڵی بە پارێزگا کردنی خوورماتوو راگەیاند: بەهۆی ئەوەی داواکە نادەستوورییە، بۆیە شکستی هێناوە، چونکە خورماتوو دەکەوێتە ناو سنووری ماددەی 140ـی دەستوور و تا بارودۆخەکەی یەکلا نەبێتەوە، بڕیاری گۆڕینی شێوازی ئیدارەکەی نادرێت.
حەسەن بارام ئاماژەبەوەشدەکات، کە زۆرینەی خەڵکی خورماتوو لە پێکهاتەی کوردن، دوای کورد، رێژەی عەرەب لە پلەی دووەم دێت و دوای ئەوانیش تورکمان دێن، بۆیە هەوڵەکە جگە لەوەی نادەستوورییە، ناواقیعی و نەگونجاوە.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، کە هەموو پێکهاتەکان حەز دەکەن خورماتوو بکرێتە پارێزگا، بەڵام لەو بارودۆخەی ئێستا نا، بەڵکو دوای یەکلاکردنی کێشەی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق.