رۆژنامەیەكى عەرەبى لە راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووە، جیا لە هەوڵدان بۆ رێككەوتنێك لەگەڵ هەرێمى كوردستان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان، مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق تاوتوێى هەڵبژاردنى پێشوەختەیش دەكات.
رۆژنامەى “عەرەبى جەدید”لە راپۆرتێكدا باس لە سەردانەكەى مستەفا كازمى دەكات بۆ هەولێر، كە بە یەكەم سەردانى ئەو دادەنرێت لەماوەى سەرۆكایەتى حكوومەتى عێراق.
لە راپۆرتەكە هاتووە، مستەفا كازمى لەم سەردانەدا لەگەڵ هەر یەكە لە سەرۆك مەسعوود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێم و مەسروور بارزانى سەرۆكى حكوومەتى هەرێم و بەرپرسانى باڵاى یەكێتى كۆ دەبێتەوە.
رۆژنامەى عەرەبى جەدید دەڵێ، كازمى لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى كوردستان تاوتوێى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەكات كە بڕیارە لە شەشى حوزەیرانى داهاتوو بەڕێوە بچێ.
بەیانى ئەمڕۆ مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانى سەرۆكى حكوومەتى هەرێم پێشوازى لێ كرا و بڕیارە كازمى زیاتر لە 24 كاتژمێر لە هەرێمى كوردستان بمێنێتەوە و لەو ماوەیەش سەردانى سلێمانى و دهۆك دەكات.