بە نووكە قەڵەمێكى كازمى تایفەگەرى لە عێراق بنبڕ ناكرێ

0

مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق بڕیارى داوە، خانەى ئاماژەدان بە مەزهەب و تایفە لە نووسراوەكانى دەوڵەتى عێراق نەمێنێ. ماڵپەڕێكى ئەمریكییش گومان لەوە دەكات ئەو بڕیارە ئەنجامى هەبێت و دەڵێ تایفەگەرى لە عێراق بە نووكە قەڵەمێك رەت ناكرێتەوە.


وەزارەتى بەرگرى عێراق ناوى ئەو كەسانەى بڵاو كردەوە كە لە كۆلیژى سەربازى وەرگیراون، فۆرمى وەرگرتن كاردانەوەیەكى دروست كرد، چونكە لە فۆرمەكە خانەیەكى تێدایە ئاماژە بۆ مەزهەبى ئەو كەسە دەكات كە فۆرمەكەى پڕ كردووەتەوە.


دواى ئەم كاردانەوەیە مستەفا كازمى بڕیارى دا، چیتر لە هیچ دامودەزگایەكى دەوڵەت ئاماژە بۆ خانەى مەزهەب نەكرێت، هەرچەندە ئەم هەنگاوە لەلایەن خەڵكێكى زۆر ستایش دەكرێ، بەڵام چاودێرانى سیاسى گومان لەوە دەكەن بە بڕیارێك بتوانرێ عێراق لە دێوەزمەى تایفەگەرى رزگارى بێت.

ماڵپەڕى كەناڵى حوڕە لە راپۆرتێكدا دەپرسێ: ئایا بە نووكە قەڵەمێك عێراق لە دێوەزمە گەورەكە رزگارى دەبێت؟ بەرپرسێكى پێشووى وەزارەتى پلاندادان كە ناوى ئاشكرا نەكراوە بە حوڕەى گوتووە، تایفەگەرى بە ئاسانى لە دەسەڵاتى عێراق ریشەكێش ناكرێ، چونكە هەر لە دیاركردنى سەرۆك كۆمار و سەرۆك پەرلەمان و سەرۆكى حكوومەتەوە بگرە تا فەرمانگەیەكى بچووك رەچاوى تایفەگەرى دەكرێ.


ئەو بەرپرسە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە هەندێك لە دامەزراوەى دەوڵەتى عێراق بە تەواوى بۆ تایفەیەك دانراوە، وەك وەقفى سوننى و وەقفى شیعى. جگە لەمەیش دەڵێ، سەرەتا تایفەگەرى و بەشبەشێنى تایفەگەرى بۆئەوە بوو هاوسەنگى نێوان پێكهاتەكان بپارێزێ كەچى ئێستا بووەتە دێوەزمەیەكى گەورە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com