ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئاستی بەهێزی ئێران لە عێراق بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە و پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە هەیە. دەشڵێت ”ئێڕان لە ناو پەرلەمانی عێراق هێزی خۆی هەیە”.
لەدوای کەوتنی رژێمی بەعسی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئێران لە رێگەی حزب و گروپە شیعەکانەوە توانی جێپێی خۆی بتەو بکات و ببێتە باڵادەست لە بڕیاری سیاسی و پەرلەمانی و ەنانەت دەستیشی بەسەر ئابوری عێراقدا گرتووە، هەروەها چەند میلیشیایەکی پێکهێناوە، کە بووەتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەلی فەیلی، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە کاروباری ناوچەکە و عێراق بەتایبەتی، لەبارەی دۆخی ئێستای باڵادەستی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەم وڵاتە لە عێراق رایگەیاند: ئاستی بەهێزی ئێران لە عێراق بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە و پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە هەیە، ئەگەر کێشەیان لە ناوخۆ زۆرتر بێت هەژمونیان لەدەرەوە کەمتر دەبێتەوە و ئەگەریش توانیان زاڵ بن بەسەر کێشە ناوخۆییەکان لە دەرەوەی ئێرانبەهێز دەردەکەون.
عەلی فەیلی دەشڵێت، عێراق جیاوازە لە وڵاتانی دیکە بۆ ئێران، چونکە سەرمایەگوزاری کردووە و خەڵکی خۆی هەیە، کە لە جیاتی ئەوان شەڕی بەرژەوەندییان بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستوپەیوەندی خۆی هەیە، وەک دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوپەیانی فەتح، سەداسەد لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندان. هێزەکانی دیکەی شیعە میانڕەون بەڵام دەتوانین بڵێین، ئەوانیش سۆزیان بۆیان هەیە.