عەلى عەلاوى وەزیرى دارایى عێراق رایگەیاند عێراق هێشتا قەرزى دەرەوەى بەدەست نەگەیشتووە و قەرزى ناوخۆیشى خەرج كردووە. روونیشى دەكاتەوە نەناردنى كارنامەى چاكسازى ئابوورى بۆ پەرلەمان پەیوەندى بە دواكەوتنى قەرزەوە هەیە.
ماڵپەڕى بەغداد پۆستى عێراق لێدوانێكى عەلى عەلاوى وەزیرى دارایى عێراقى بڵاوكردووەتەوە كە هۆكارى دواكەوتنى كارنامەى چاكسازى ئابوورى عێراقى ئاشكرا كردووە.
بەگوێرەى یاساى قەرزكردن كە لە پەرلەمانى عێراق دەرچووە، حكوومەت دەبێ لە ماوەى 60 رۆژ كارنامەى چاكسازى ئابوورى رەوانەى پەرلەمان بكات، كەچى ئێستا قەرزەكەى وەرگرتووە و كارنامەكەیشى نەناردووە كە زیاتر لە 10 رۆژ بەسەر وادەكەى تێپەڕیوە.
عەلى عەلاوى لە لێدوانەكەى دەڵێ، عێراق قەرزى ناوخۆى وەرگرتووە و تەواویشى خەرج كردووە، بەڵام هێشتا قەرزى دەرەكییەكەى بەدەست نەگەیشتووە تا كورتهێنانى بودجە چارەسەر بكات، بۆیە لەو كاتەدا تا قەرزەكە تەواو نەبێ ناتوانێ كارنامەى چاكسازى بنێرێتە پەرلەمان.
بەگوێرەى یاسایەك كە دوو مانگ لەمەوبەر دەرچووە حكوومەتى عێراق دەتوانێ پێنج ملیار دۆلار قەرزى دەرەكى و 15 تریلیۆن دینار لەناوخۆ قەرز بكات.