دواى راگەیاندنى بڕیارى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق، هاوپەیمانى فەتحى شیعە رایگەیاند ئەوان لەو بڕیارە رازی نیین، چونكە پەرلەمانى عێراق داواى دەركردنى تەواوى هێزە بیانییەكانى كردووە نەوەك بەشێكیان.
كەریم علیوى ئەندامى هاوپەیمانى فەتح لە پەرلەمانى عێراق، لە لێدوانێكى بۆ ماڵپەڕى بەغداد تودەى عێراقى رایگەیاندووە، بڕیارى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق جێى رەزامەندى ئەوان نییە، چونكە ئەوان داواى دەركردنى تەواوى هێزە بیانییەكان دەكەن.
علیوى لە لێدوانەكەى دەڵێ، “بڕیارى پەرلەمانى عێراق روونە و تایبەتە بە دەركردنى هەموو هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەسەرووى هەمووشیانەوە هێزەكانى ئەمریكا، دەبێت كشانەوەكەیش بە تەواوى بێ نەوەك بەشێكى، بۆیە دەبێ حكوومەتى عێراقیش پابەندى رێككەوتنەكە بێت”.
ئەو بڕیارەى ئەو ئەندام پەرلەمانە باسى دەكات لە مانگى كانوونى دووەمى ئەمساڵ، لە لایەن پەرلەمانى عێراقەوە چەند رۆژێك دواى كوشتنى قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەق قودسى سوپاى پاسداران دەرچووە و بەگوێرەى لێدوانى شارەزایانى یاسایى حكوومەت دەتوانێ پابەندى نەبێ.
ئەمڕۆیش وەزارەتى بەرگرى ئەمریكى رایگەیاند ژمارەى سەربازەكانى لە عێرا قلە پێنج هەزار و 600 سەربازەوە بۆ سێ هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە. چاوەڕوان دەكرێ لە رۆژانى داهاتوو ئەم بڕیارەى ئەمریكا ناڕەزایى زیاترى هێزە شیعەكانى بەدواوە بێت.