ئەسعەد مورادی
چاودێڕێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، کازمی کەسایەتییەکی مەزهەبی عەرەبییە و لە کۆتاییدا لەگەڵ خواستی نەتەوەی کورد دا نییە و بە مەترسییەکی زۆر گەورەی دەزانم.
بە دیاری کردنی رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە لایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، (مانگی 6-2021) جیا لە بابەتی فرە بازنەیی و کێشەی کورد لەگەڵی، کێشەیەکی دیکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی سوسیال میدیاوە و هەندێک خەڵکی توڕە و ناڕازییەوە، لایەنگر بۆ کازمی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێم کۆدەکرێتەوە، کە بەمەش ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی ئەوەی پێگەیەک بۆ کازی لە هەرێم دروست ببێت و نوێنەریشی دەنگ بهێنێت.


لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئامانج نووری، چاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری عێراق، لەبارەی هەوڵی کازمی بۆ دانانی پێگەیەک لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، رایگەیاند: کازمی بە نیسبەت ئەو پرۆژەیەی بەدەستییەوە هەیە لە عێراق سیستەمی هەڵبژاردنەکە بگۆڕن بۆ بازنەی جیاواز لە سەر ئاستی عێراق، ئەوە پێموایە ئەوە بوار دەڕەخسێنێت هەموو ئەو پارتانەی عێراق بێن و لە هەرێم دەنگ بۆ خۆیان کۆبکەنەوە.
ئامانج نووری دەشڵێت، لەوانەیە کازمی بتوانێت سوود لە توڕەیی خەڵک بەرانبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم وەربگرێت لە کاتی هەلبژاردن، چونکە کۆمەڵێک خەڵک، کە زۆر روونە کە چ وەک پەرلەمانتار، چ وەک خەڵکی دیکە قسە لەوە بارەیەوە دەکەن. هەروەها هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک بە لای خۆیاندا رابکێشن و لەو بازنانەدا ببن بە ژمارە. ئەوەش بوار دەڕەخسێنێت بۆ ئەو کەسانەی هەل دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەمانەش کەرەستەیەکی لەبارن بۆ کازمی لە هەرێمی کوردستان و دەبنە مەترسی.
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی ”کازمی کەسایەتییەکی مەزهەبی عەرەبییە و لە کۆتاییدا لەگەڵ خواستی نەتەوەی کورد دا نییە و یەکناگرێتەوە و بە مەترسییەکی زۆر گەورەی دەزانم لە سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و بابەتە نیشتمانییەکان”. دەشڵێت ”جیا لەوە خەڵکێکی زۆر لە هاوڵاتیانی بە رەگەز عەرەب لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەوانەیە بە بڕیارێک لە کۆمسیۆنەوە ئەوانە مافی دەنگدانیان هەبێ، کە دەنگیش کازمی دەدەن”.
