ماڵپەڕى كەناڵى ئەلعەرەبییە ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا بڵاوى كردووەتەوە، حكوومەتى مستەفا كازمى لە دووڕیانێكى سەخت دایە، چونكە كاتێك دەیەوێ بەرەنگارى گەندەڵى ببێتەوە و هێرش و هەڕەشەى میلیشیاكان توندتر دەبێتەوە.
“بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵێ” یان”بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاكان” ئەو دوو بابەتەن كە بەبڕواى راپۆرتەكەى ماڵپەڕى كەناڵى ئەلعەرەبییە، حكوومەتى كازمى ناتوانێ هاوسەنگى نێوانیان رابگرێ.
لە راپۆرتەكە هاتووە هەركە مستەفا كازمى و حكوومەتەكەى دەیانەوێ، بنەماكانى دەوڵەتدارى بسەپێنن، ئەوا هێرشى میلیشیاكانى سەربە ئێران توندتر دەبێتەوە، باى میلیشیاكان بە خواستى كەشتییەكەى كازمى هەڵ ناكات.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ چەندان نموونە كراوە كە دەریدەخەن، هێرشى چەكدارى میلیشیاكان و هەڕەشەكانیان بۆ سەر دامەزراوە گرنگەكانى دەوڵەت و هاوپەیمانان زیاد بووە و تەنانەت هەڕەشەكان كۆمپانیا بیانییەكان و دامەزراوەكانى نەتەوە یەكگرتووەكانیشى گرتووەتەوە، لە نموونەى هێرشكردە سەر كۆمپانیاى G4S بەریتانى لە بەغدا و هێرشكردە سەر كاروانێكى نەتەوە یەكگرتووەكان لە نزیك شارى مووسڵ.
لە راپۆرتەكە هاتووە بەرپرسان و چاودێرانى سیاسى پێیانوایە پلانى چاكسازى حكوومەتى عێراق لە ئاراستەى خۆى دەردەچێ بەهۆى ئەو تەوژمى ئەو هەڕەشە نوێیانەوە كە لەلایەن میلیشیاكانى سەربە ئێرانەوە دەكرێن.
دواتریش باس لەوە كراوە هەموو ئەو هەڕەشە و هێرشانەى دەكرێن لە لایەن پێنج گرووپى چەكدارییەوە دەكرێن، كە هەندێكیان زۆر ناسراون، لەوانە عەسائیبى ئەهلى حەق و كەتیبەكانى حزبوڵاى عێراقى.
هەرچەندە حكوومەتى عێراق لە پێناوى سنووردانان بۆ میلیشیاكان هەندێك رێكاریى گرتووەتەبەر، بەڵام بە بڕواى چاودێران هەندێك لەو كارانە میلیشیاكان توڕەتر دەكات، لەوانە كازمى هەوڵى داوە سەرچاوەى دارایى میلیشیاكان وشك بكات، بۆیە هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنەوەى دەروازە سنوورییەكانى داوە، بەڵام ئەمە وایكردووە میلیشیاكان هەوڵ بدەن تاوانى تر بكەن بۆئەوەى پارەیان دەست بكەوێ، لەوانە هەڕەشە لە بەرپرسانى تر و خێزانەكانیان دەكەن، پەنا بۆ كوشتار دەبەن و هەوڵ دەدەن هۆزەكان بەكاربهێنن.