رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى لە راپۆرتێكدا وتوویەتى وێنەكانى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیران هەمیشە مشتومڕ لە ناوەندە جەماوەرییەكان دروست دەكەن، ئەو وێنانە كە لەلایەن وێنەگرێكى كوردەوە دەگیرێن، لەلایەن خەڵكى عێراقەوە بە “گرتەى هۆلیۆدى “وەسف دەكرێن.
رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى ئەمڕۆ راپۆرتێكى بە ناونیشانى “وێنەگرى كازمى لە ئەركێكى ئەستەمدا بۆ گێڕانەوەى شكۆى دەوڵەت” بڵاوكردووەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا باس لە وێنانە كراوە كە لەلایەن جەمال پێنجوێنى وێنەگرى كورد دەگیرێن و بڵاو دەكرێنەوە، لە سەرەتاى راپۆرتەكە هاتووە جەمال پێنجوێنى بووەتە ئەستێرەى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چونكە بە وێنەكانى كازمى لە راگەیاندن دروست كردووە، ئایا دەكرێ شكۆى دوڵەتى بە وێنە بگەڕێتەوە؟
لە بەشێكى ترى راپۆرتەكە هاتووە، وێنەگرەكە سروشتى كۆمەڵگەى عێراقى دەناسێ بۆیە لە وێنەكان وەها كازمى نیشان دەدات كە زۆر لە خەڵكەوە نزیكە و هەندێك جاری وێنەكانى مشتومڕ دروست دەكەن بە تایبەتى ئەو وێنەیەى كازمى كە لە كەربەلا گیراوە و نزا دەكات.
زۆرجاریش عێراقییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانج لەو وێنانە دەدەن و بە “گرتەى سینەمایى” وەسفى دەكەن.
كۆى راپۆرتەكەى رۆژنامەى عەرەب بۆیە تواناى دەركەوتنى كازمى لە میدیا نیشان بدات و كە زۆرجار پڕوپاگەندەكانى لە كارەكانى گەورەترە، هەر بۆیە ئەمڕۆ ماڵپەڕى حوڕەى ئەمریكى لە راپۆرتێكدا باسى لە دوایین ئۆپراسیۆنى سەربازى كردووە كە بۆ چەكداماڵین دەستى پێكردووە، راپۆرتەكە گوتوویەتى ئەنجامى ئەو ئۆپراسیۆنە زۆر لەوە كەمترە كە لە راگەیاندن پرۆپاگەندەى بۆ دەكرێ.