نزیكبوونەوەى سعوودیە لە عێراق تەنیا لە هاوكارى ئابوورى و بازرگانى و سیاسى نەوەستاوەتەوە و ئەمڕۆ بە فەرمى داواى هاوكارى و هاوئاهەنگى سەربازى لە عێراق كردووە و بەو مەبەستەیش داواتنامەیەك بە سوپاى سالارى عێراق دەدات تا سەردانى سعوودیە بكات.
وەزارەتى بەرگرى عێراق ئەمڕۆ رایگەیاندووە عەبدولئەمیر یارەڵا سوپاسالارى عێراق لە نووسینگەى خۆى پێشوازى لە پاشكۆى سەربازى باڵوێزخانەى سعوودیە كردووە، هەر دووكیان باسیان لە بەهێزكردنى هاوكارى سەربازى نێوان هەردوو وڵات كردووە.
لە دیدارەكە پاشكۆى سەربازى باڵوێزخانەى سعوودیە لە عێراق داوەتنامەیەكى بە سوپاسالارى عێراق داوە بۆئەوەى سەردانى سعوودیە بكات و لەگەڵ هاوتا سعوودیەكەى تاوتوێى هاوكارى سەربازى و هەواڵگرى نێوان سعوودیە و عێراق بكات.
لە كۆتایى مانگى رابردوو دەنگۆى ئەوە بڵاوكرایەوە ژمارەیەك سەربازى سعوودیە لە عێراق لە بنكەى تاجى جێگیر كراون و دواتر رەوانەى سووریا كراون، ئەمەیش بە فەرمى لەلایەن عێراقەوە رەتكرایەوە.
بەڵام سعوودیە ماوەى دوو ساڵە هەوڵ دەدات پەیوەندى خۆى لەگەڵ عێراق بەهێز بكات بۆئەوەى سنوورێك بۆ هەژموونى ئێران دابنێ.