چاودێرانى سیاسى گومان لەو ئۆپراسیۆنە گەورەیە دەكەن، كە مستەفا كازمى سەرۆك وەزیران بە ناوى چەكداماڵین لە بەغدا و باشوورى عێراق دەستى پێكردووە، چاودێران دەڵێین لە كۆى دوو ملیۆن چەكى نایاسایى تا ئێستا تەنیا 15 چەك دەستیان بەسەر گیراوە.
رۆژى شەمووى رابردوو بە بڕیارى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكانى عێراق، ئۆپراسیۆنێكى گەورەى هێزە هاوبەشەكانى عێراق بۆ چەكداماڵێن دەستى پێكرد. سەرەتا لە بەغدا و بەسرە، رۆژى دووشەمیش هەڵمەتەكە شارى عمارەى گرتەوە.
لە راپۆرتێكى ماڵپەڕى حوڕەى ئەمریكى هاتووە، هەندێك لە چاودێران و سەرچاوە عێراقییەكان گومان لەو ئۆپراسیۆنە دەكەن و دەڵێن ئۆپراسیۆنێكى شكستخواردووە و زیاتر لە پروپاگەندە دەردەكەوێ، كەچى لە بەرامبەردا هەندێكى تر دەڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە پلانى بۆ دانراوە و شتى گەورەى بەدواوەیە.
یەكێك لەو رەخنانەى لە ئۆپراسیۆنەكە گیراوە ئەوەیە كە دەڵێن نزیكەى دوو ملیۆن چەكى نایاسایى لە عێراق بە دەست هۆزەكان و میلیشیا و مافیاكانن، كەچى تا ئێستا لە ئەنجامى ئۆپراسیۆنەكە راگەیاندراوە كە 15 چەك دەستیان بەسەر گیراوە.
لە هەندێك شوێنی بەسڕەیش ئۆپراسیۆنەكە لە جبەخانەى میلیشیاكان نزیك نەبووەتەوە و بەڵكو تەنیا لەو شوێنانە گەڕاون كە سوننەنشینن وەك ئەبوخەسیب و زوبێر.
تەنانەت لە بەسرە ئۆپراسیۆنەكە لەلایەن كەسێكەوە سەرپەرشتى دەكرێ كە لە میلیشیاكانى بەدرە.
بە پێچەوانەوە هەندێكى تر دەڵێن ئەمە تەنیا قۆناغێكە و پلانى بۆ دانراوە و شتى گەورەترى لە پشتەوەیە.
نزار فەیحان كە رۆژنامەنووسێكى عێراقییە بە ماڵپەڕى حوڕە دەڵێ، بڵاوبوونەوەى هێزێكى زۆر مانایى ئەوەیە شتێكى گەورە لە ئامادەبوونە. دواتریش روونى دەكاتەوە بڕیارەى بەرەنگاربوونەوەى كۆى چەكدارەكان بە ملیشیا و هۆز و مافیاكانەوە كارێكى ئاسان نییە، لەوانەیە بڕیارێكى لەم جۆرە یەكیان بخات.