حزبە شیعەكان بە بارودۆخێكى سەیر تێدەپەڕن..لە دەسەڵاتن و دژى حكوومەتن

0

رۆژنامەى قودسى عەرەبى لە راپۆرتێكدا باسى لەوە كردووە، لایەنە شیعەكانى عێراق دەیانەوێ شكست بە حكوومەتى مستەفا كازمى بهێنن، بۆئەوەى لە چاكسازى پاشگەز ببێتەوە.

لە راپۆرتێكى رۆژنامەكە هاتووە، لایەنە شیعەكان كە پێشتر كازمییان بۆ سەرۆكایەتى كاندید كردووە و بەڵێنى چاكسازییشیان داوە، ئێستا لە بەڵێنەكانى خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و ئامادە نیین دەستبەردارى چەكەكانیان بن و بەردەوام كێشە بۆ حكوومەت دروست دەكەن.

لە بەشێكى راپۆرتەكە وەك نموونەیەك ئاماژە بۆ هەڕەشەیەكى هادى عامرى سەرۆكى رێكخراوى بەدر و هاوپەیمانى فەتح كراوە كە لە حكوومەتى كازمى كردووە و هەوڵى داوە بەرپرسیارێتى ئەو بارودۆخەى ئێستاى باشوورى عێراق بخاتە ئەستۆى حكوومەتەكە.


لە هەڕەشەى عامرى هاتووە، ئەو كارانەى حكوومەت دەرگاى دۆزەخ لەسەر عێراق دەكەنەوە. مەبەستى عامرى ئەو ئۆپراسیۆنەیە كە سێ رۆژە لە عێراق بۆ چەكداماڵێن لە بەغدا و بەسڕە دەستى پێكردووە و ئەمڕۆ پارێزگاى میسان “عمارە”یشى لە باشوورى عێراق گرتووەتەوە.

راپۆرتى قودسى عەرەبى باس لەوە دەكات ئەو هەڕەشەیەى عامرى لەكاتێكدا دێ كە خۆى سەرۆكایەتى هاوپەیمانییەك دەكات زۆربەى لایەنە میلیشیاكان لە چوارچێوەى ئەو هاوپەیمانییەن و هەر ئەوانن لە دواى 2003 وە بەرپرسیارن لە هەموو رووداوەكانى عێراق.

لە بەشێكى ترى راپۆرتەكە هاتووە، كازمى دەیەوێ سەروەریى یاسا بسەپێنێ، كەچى حزبەكان ئەم هەنگاوە بە سنوورداركردنى پێگە و بچووككردنەوەى دەسەڵاتى خۆیان دەزانن. بۆیە بە بڕواى رۆژنامەكە چەندان بڕیارى تر وایكردووە حكوومەت و حزبە شیعەكانى دەسەڵات لە یەكتر دوور بكەونەوە و لە بەرژوەندییدا بە یەكتر نەگەنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com