ماڵپەڕێكى عەرەبى ئاشكراى دەكات حزبوڵاى لبنانى مەشق بە چەند ئەندامێكى حەشدى شەعبى كردووە، بۆئەوەى لە عێراق لە رێگەى تیلگرامەوە هەڕەشە لە دەزگاكانى راگەیاندن بكەن، بۆ سووتاندن و لەناوبردنیان هانى خەڵك بدەن.
هەفتەى رابردوو كەناڵى دیجلە لە بەغدا سووتێنرا. خاوەنى ئەو كەناڵە سەركردەیەكى سوننەیە بە ناوى “جەمال كەربوولى” تۆمەتەكەیشى ئەوەیە كەناڵەكەى لە رۆژى عاشوورا گۆرانى پەخشكردووە.
رۆژنامەى “عەرەبى جەدید” لە راپۆرتێكدا دەڵێ، ئەو كەناڵە تاكە كەناڵ نییە لەژێر هەڕەشە بێ، بەڵكو ئێستا هەڕەشەى هاوشێوە لە كەناڵى یوتیڤى كراوە، بە تۆمەتى ئەوەى دیدارێكى لەگەڵ فایەق شێخ عەلى پەرلەمانتار كردووە و ئەویش لە دیمانەكە گوتوویەتى، مەرجەعى شیعە سەركۆنەى لێدانى خۆپێشاندەرانى نەكردووە.
پێشتریش لە بەغدا هێرشكرایە سەر ستۆدیۆى كەناڵى MBC بەهۆى ئەوەى لە راپۆرتێكدا كەناڵەكە گوتبووى ئەبومەهدى موهەندیس دەستى لە تەقینەوەكەى باڵوێزخانەى ئەمریكا لە بەیرووت هەبووە، كە ئەم رووداوە لەسەرەتاى هەشتاكان بوو.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لەلایەن رۆژنامەى عەرەبى جەدید بڵاوكراونەتەوە، ئەو رووداوانە هەڕەمەكى لەخۆیانەوە لەلاى خەڵك روونادەن، بەڵكو دەیان پێگە لە تیلگرام هەیە كار بۆ هاندانى خەڵك دەكەن.
لە راپۆرتەكە هاتووە ئەوانەى هانى خەڵك دەكەن، چەندان ئەندامى میلشیاى حەشدى شەعبیین و لە لبنان لە حزبوڵاى لبنانییەوە مەشقیان پێكراوە و دواتریش رەوانەى عێراق كراونەتەوە و لە ناو ریزەكانى حەشدى شەعبی مووچە لە حكوومەتى عێراق وەردەگرن.