هەندێك لە فراكسیۆنە شیعەكانى پەرلەمانى عێراق، بیانوو لە حكوومەتى كازمى دەگرن و دەڵێن تا ئێستا هەڵوێستى لەسەر چەند دۆسیەیەك دیار نییە.
ئەمڕۆ حەوتى ئەیلوول تەمەنى حكوومەتى كازمى دەبێتە چوار مانگ و هەندێك لە لایەنە شیعەكان پێیانوایە ئەو حكوومەتە تا ئێستا هەڵوێستى لەسەر چەند بابەتێك روون نییە.
رۆژنامەى عەرەبى جەدید ئەمڕۆ راپۆرتێكى لەسەر ئەم بابەتە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران بڕوایان وایە دەبێ حكوومەت هەڵوێستى خۆى لەسەر چەند بابەتێك روونتر بكاتەوە.
لەوانە ئایندەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، دابینكردنى تواناى دارایى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە.
تەنانەت هەندێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن، هەڵوێستى حكوومەت لەسەر بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى روون نییە، دەبێ حكوومەت هەنگاوى جددى بنێ نەوەك تەنیا بە لێدوان و هەڕەشە و پێكهێنانى لیژنە واز بهێنێ.
حكوومەتى كازمى لە حەوتى ئایارى رابردوو لە لایەن پەرلەمانەوە متمانەى پێدرا. وێراى رەخنەكانى هەندێك لایەنى شیعە لە كازمى، چاودێران و هەندێك لایەنى سیاسى تر گەشبینن بە هەنگاوەكانى كازمى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و دیاردەى چەكدارى لە عێراق.